تورکیا.. پەنابەرانی سووریا ترسیان لە گەڕانەوە هەیە

سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەڵام پەنابەرانی سووریای نیشتەجێی تورکیا زۆر بە کەمی دەگەڕێنەوە و لەو گرووپە چەکدارانە دەترسن کە ئێستە وڵات بەڕێوە دەبەن. 

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، زۆر کەس و لایەن لە تورکیا پێیان وابوو، پەنابەرانی سووریا بە کۆمەڵ دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام بەپێی ئامارە فەرمییەکان، تاوەکوو ئێستە تەنها حەوت هەزار کەس گەڕاونەتەوە.

محەممەد ئیلۆ، یەکێکە لەو پەنابەرانەی کە خەڵکی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە تورکیا دەژیت و نایەوێت بگەڕێتەوە. گەورەترین نیگەرانیی ئەو لە گەڕانەوەی بۆ زێدی باب و باپیرانی، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیان. هەروەها گەشبین نییە بە ئاییندەی سیاسیی سووریا.

محەممەد ئیلۆ، بە موراد ئەکنجی، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "برسییەتی لە وڵاتی خۆمان لە تێریی لە وڵاتانی دیکە شەرەفمەندترە. ئێمە دەتوانین لە سووریا بژین، با برسی بین؛ بەڵام نابێت هیچ پێشێلکارییەک هەبێت. گەڕانەوە زۆر ئاسانە، دەتوانین ئێستا بگەڕێینەوە، بەڵام دەبێت ئارامیی هەبێت. نابێت تورکیا پشتیوانیی لەو گرووپە چەکدارانە بکات کە پێشێلکاری دەکەن."

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ڕۆژانە هەزار و 100 پەنابەری سووری دەگەڕێنەوە وڵاتەکەیان. شارەزایەک دەڵێت: "ئەو پەنابەرانەی گەڕاونەتەوە، بۆ هەمیشە نەگەڕاونەتەوە، بەڵکوو بۆ ئەوەی بزانن چی بەسەر ماڵ و موڵکەکانیاندا هاتووە."

سولەیمان کاران، شرۆڤەکاری سیاسی و ئابووریناس گوتی: "دەزانم شەڕی ناوخۆ لە سووریا کۆتایی نەهاتووە و هەرگیز کۆتایی نایەت؛ چونکە لە لایەک ناوچەی کوردى هەیە، لە لایەکى ترەوە عەرەبى عەلەوى هەن، لە لایەکى تریشەوە هێزە ئیسلامییە توندڕەوەکان هەن و نازانین دەستەی تەحریری شام کە ئێستە لە دەسەڵاتدایە، چ جۆرە سیاسەتێک پەیڕەو دەکات و نازانین چ هەنگاوێک دەنێت."

دوای 13 ساڵ شەڕی ناوخۆ و قەیرانی ئابووریی سووریا، ژێرخانی ئاو و کارەبا لە کار کەوت و زۆرێک لە ڕێگاوبان و نەخۆشخانە و قوتابخانەکان وێران بوون و سەقامگیریی سیاسیش لەو وڵاتە نییە؛ بۆیە پێدەچێت تورکیا بە هەموو کەموکورتییەکانییەوە بۆ پەنابەرانی سووریا سەلامەتتر بێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment