دوو سەرخۆش، فڕۆکەیەک دەکەنە مەیدانی جەنگ

ڕۆژنامەی The Sunـی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆ 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، هەواڵێکی سەیری بڵاو کردووەتەوە، ڕۆژنامەکە نووسیویەتی "فڕۆکەیەکی کۆمپانیای Jet- fly کە لە ئەنتالیای تورکیا بۆ لیدزی بەریتانیا دەفڕی، بووە مەیدانی شەڕە مستی دوو پیاوی سەرخۆش."
پاش ئەوەی یەکێک لە پیاوەکان بە هۆیەکی نادیار هاوڕێکەی دایە بەر زلـلە، چەند چرکەیەک دواتر کابرای زلـلە لێدراو، بە ئانیشک و مست پەلاماری دەستدرێژیکەرەکەی دا و گازی لە ملی گرت و ویستی چاوی دەربهێنێت.
گەشتیارانی ناو فڕۆکەکە بە ترسەوە باسی شەڕەکە دەکەن.
سەرنشینێک دەڵێت: "پیاوەکان لەسەر دوو کورسیی تەنیشت یەکتر دانیشتبوون، سەرەتا هیچ دەنگ و هەرایەکمان گوێ لێ نەبوو، لە پڕ پەلاماری یەکتریان دا و لە ناو ڕیزی کورسییەکاندا بەربوونە سەروپۆتەڵاکی یەکتری. یەکێکیان وا هەڵچووبوو کە بە مست ددانێکی خۆی شکاند!"
بە گوێرەی قسەی گەشتیاران، شەڕەکە پاش نزیکەی 45 دەقیقە لە فڕینی فڕۆکەکە دەستی پێ کردووە و زیاتر لە پێنج دەقیقە بەردەوام بووە.
یەکێکی تر لە گەشتیاران گوتی: "بەڕاستی ترسناک بوو، جگە لە دیمەنی شەڕەکە، ڕاڕەوی کورسییەکان خوێناوی و پیس بوو."
فڕۆکەکە، ناچار لە فڕۆکەخانەیەکی بوڵگاریا نیشتەوە و پۆلیس هەردوو پیاوەکەی دەستیگر کرد و فڕۆکەکەش پاش دواکەوتنێکی دوو سەعاتی بە سەلامەتی گەیشتە لیدز.