سەرۆک بارزانی و محەممەد حەسسان جەختیان لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم کردەوە

سەرۆک بارزانی لەگەڵ نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆ بووەوە و تاوتوێی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی سووریایان کرد.
رۆژی پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەڵاحەددین، سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە محەممەد حەسسان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
بارەگای بارزانی بڵاوی کردەوە، لە دیدارەکەدا باس لە هەنگاوەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربوونی لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی ئێستا کرایەوە.
هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و ناوچەکە بە گشتی و باس لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی کرایەوە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆرستان لە سووریا بە مەترسییەکی جددی دانرا کە کاریگەریی بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتیی دەبێت، هەر پەیوەست بەم باسەوە هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕال بە گرنگ زانرا.
هەردوولاش هیوایان خواست دۆخی سووریا ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و کێشە و گۆڕانکارییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گەلانی سووریا بگات بە چارەسەر.
