پزیشکیان داوای هەنگاوی کردارەکی لەبارەی دۆخی لوبنان و غەززە و سووریا دەکات

مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لوتکەی ڕێکخراوی هەشت وڵاتی تازە پێگەیشتوو لە قاهیرە داوای کرد، هەنگاوی کردارەکی بنرێت لەبارەی بارودۆخی باشووری لوبنان و غەززە و سووریا.
پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران لە لوتکەی ڕێکخراوی هەشت وڵاتی تازە پێگەیشتوو لە قاهیرە داوای کرد، هەنگاوی ڕژد بنرێت بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی لەماوەی دواییدا ڕوویان داوە، لەگەڵ دۆخی جیۆسیاسی لە باشووری لوبنان و غەززە و سووریا.
پزیشکیان لە گوتارێکیدا لەو لوتکەیە دووپاتی ئەوەی کردەوە، پێویستە لەسەریان یەکگرتوو بن لەپێناو هەماهەنگی و هاوکاریی کردنی یەکتر لەو دۆخەی ئێستا جیهان تێی کەوتووە، گوتیشی: لەسەرمانە کار بکەین بۆ ئەوەی سوود لە شارەزایی و ژێرخان و تواناکان وەربگرین کە هەمانە.
پزیشکیان دڵخۆشی خۆی نیشاندا بەوەی لە میسرە، میسری وڵاتی نیل و شارستانیەت و مێژوو، هاوکات سوپاسی سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح سیسی کرد بەرامبەر ڕێز و پێشوازییان کە لێیان کردووە لەگەڵ ئەو لوتکە پڕ گرنگەی ڕێکیان خستووە.
سەردانی پزیشکیان بۆ قاهیرە، یەکەم سەردانیەتی دوای 11 ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەتایبەتیش دوای سەردانی ئەمحمەدی نەژاد لە شوباتی 2013، سەردانەکەی ئەوکاتی نەژادیش یەکەم سەردانی سەرۆکی ئێران بوو بۆ میسر لە ساڵی 1979 ەوە.
ڕێکخراوی هەشت وڵاتی تازە پێگەیشتوو، میسر و نێجیریا، تورکیا و پاکستان، بەنگلادیش و ئەندونیسیا، مالیزیا و ئێران لەخۆ دەگرێت.