هەولێر بە بۆنەی ساڵی نوێ ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی گەورەترین فێستیڤاڵ دەکات

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە بۆنەی ساڵی نوێ 2025ـی زاینی، ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی گەورەترین فێستیڤاڵ دەکات، کە زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و داواش لە هاووڵاتییانی دەکات، هەر کەسێک ئارەزووی بەشداربوونی هەیە، با ناوی خۆی تۆمار بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بە هەماهەنگیی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر، لە بەردەم پارکی شار، گەورەترین فێستیڤاڵ بە بۆنەی سەری ساڵی زایینی 2025 ساز دەکەن.
هەروەها، داواکارییەکی ئاراستەی ئەو هاووڵاتییانە کردووە کە بە هەر جۆرە چالاکییەکی خواردنی کوردەواری، خواردنی بیانی، کاری دەستی و چالاکی هونەری ئارەزووی بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا هەیە، یەکشەممە 22-12-2024 کاتژمێر 09:00ـی سەر لە بەیانی تاکو 12:00ـی نیوەڕۆ سەردانی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکەن بە مەبەستی پێدانی شوێنی چالاکی.
ئاماژە بەوەش دا، ئەوانەی ئارەزووی بەشداربوونیان هەیە بۆ وەگرتنی شوێنی چالاکی، دەبێت بەڵگەنامەکانی فەرمی لە بڕوانامەی کار، مۆڵەتی تەندروستی، نموونەی کاری هاوشێوە لەگەڵ خۆیاندا بهێنن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە لە ڕۆژی چوارشەممە 25-12-2024 دەست پێدەکات و ڕۆژی پێنجشەممە 2-1-2025 کۆتایی دێت.