زەنگی گەڕانەوەی داعش لێ دەدرێت

سەرهەڵدانەوەی داعش لە سووریا زەنگێکی مەترسیدارە، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت هەزاران ئەندامی ڕێکخراوەکە کە لە بەندیخانەیەکی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ناوچەکە ڕا بکەن.
ترس لە دووبارە گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش هەیە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕۆژنامەی پۆلەتیکۆ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی کە چاودێری دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، بڵاوی کردەوە، ئەگەر هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکرێت، ئەوە دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئەندامانی داعش دۆخەکە بقۆزنەوە لە زیندان ڕا بکەن.
شارەزا و شرۆڤەکارانی سەربازی هۆشداری دەدەن
لەو چوارچێوەیەدا ژمارەیەک لە پسپۆران و شرۆڤەکاران نیگەرانی خۆیان لە کاردانەوەکانی ئەم هەڵاتنە لەسەر ئاساتی ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دەربڕی.
هەورەها ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانی خۆی لەبارەی دۆخەکەوە دەربڕیوە و پێی وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دۆخێکی ئاڵۆز ڕوو دەدات.
میدیاکانی عەرەبی لەسەر زاری چەند شارەزایەکی سەربازی بڵاویان کردووەتەوە، وەک بانگەشەی بۆ دەکرێت، داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بەڵکو چەندین شانەی نووستوویان ماوە و مەترسی گەڕانەوەیان هەیە، هەر بۆیە بە دوای دەرفەتێکی خۆ ڕێکخستنەوە دەگەڕێن.

هۆکاری گەڕانەوەی داعش
بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە ئەنجامی ناکۆکییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزە کوردییەکە لە باکووری سووریا، وا دەکات توانای هەسەدە لە پاراستنی ئاسایشی زیندانەکانی داعش و کەمپەکان لاواز بێت.
شرۆڤەکارێکی دیکەی سەربازیی بۆ کەناڵێکی عەرەبی ئاشکرای کرد، ڕەنگە داعش لە قۆناغێکی ستراتیجی نوێ‌دا بێت، کە خەریکی پێکهێنانی شانە بچووکەکان و دابەشکردنیانە بەسەر ئەو ناوچانەی کە دۆخێکی ئەمنیی هەستیاریان هەیە، ڕەنگە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کەشێکی گونجاو بۆ ڕێکخراوەکە دابین بکات تا دووبارە خۆیان ڕێک خەنەوە.
ڕۆڵی ئەمەریکا لەو نێوەندەدا
شارەزایانی بواری سەربازیی پێیان وایە، ڕۆلی ئەمەریکا بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە وەک پێویست نییە، هەروەها پشتیوانییەکی جیددی لە هێزەکانی سووریا دیموکرات لە ڕووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش ناکات.
ئاماژە بەوەش دەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لاواز بووە لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی لە دژی ڕێکخراوەکە.

مەترسییەکانی داهاتوو
دانیشتووانی باکووری سووریا و وڵاتانی دراوسێی ناوچەکە تووشی دڵەڕاوکێیەکی زۆر بوونە بە تایبەت کە مەترسی گەڕانەوەی داعش لە ناوچەکە لە ئارا دایە، هەروەها نازاندرێت ئەگەر تورکیا هێرش بکاتە سەر هەسەدە، ئەو هێزە کوردییە تا چەند دەتوانێ بەرگری بکات و توانای پاراستنی زیندانەکانی هەبێت.
شارەزایانی سەربازیی هۆشداری دەدەن و دەڵێن: ئەگەر هێزی ئاسمانی ئەمەریکا جیددی نەبێت لە بە ئامانجگرتنی شانە نووستووەکانی داعش ڕەنگە ناوچەکە شاهێدی گەڕانەوەی داعش بێت.
بە پشت بەستن بەو شیکارییانەی کە لە لایەن شارەزایانی سەربازیی و ڕۆژنامەنووسانەوە خراوەتەڕوو، مەترسی هەڵاتنی ئەندامانی داعش لە زیندانەکانی سووریا لە دەنگۆ دەرچووە ئێستا بووەتە ڕاستی.

مەزڵووم عەبدی: داعش پلانی هەیە هێرش بکاتە سەر گرتووخانەکانی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا
پێنجشه‌ممه، 19ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، مه‌زڵووم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده) له لێدوانێكیدا بۆ ڕۆژنامه‌ی "زه وۆرد"ـی به‌ریتانی ڕایگه‌یاند، زانیاریی هه‌واڵگرییان هه‌یه داعش پلانی داناوه هێرش بكاته سه‌ر ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی باكووری ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا كه چه‌كداره‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه و خێزانه‌كانیان تێدا زیندانی كراون.
مه‌زڵوم عه‌بدی هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه، هێرشی توركیا و گرووپه چه‌كداره‌كانی، كاریگه‌ریی له‌سه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی هێزه‌كانیان كردووه، كه ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی نه‌رێنی ده‌كاته سه‌ر ئاسایش و پاراستنی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی چه‌كدارانی داعش و خێزانه‌كانیانی تێدا به‌ند كراوه.
فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات هیوای خواست به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا فشاری زیاتر بخه‌نه سه‌ر توركیا و ڕێگه‌ی پێ نه‌ده‌ن هێرش بكاته سه‌ر كۆبانێ و له‌م باره‌وه بگه‌نه ئاگربه‌ستی هه‌میشه‌یی، كه ئه‌مه‌ش "ئه‌ركی ئه‌خلاقی ئه‌مه‌ریكایه".