هیومەن ڕایتس وۆچ: سوپای ئیسرئیل لە غەززە تاوانی جەنگی کردووە

ڕێکخراوی هیومەن ڕایتس وۆچ سوپای ئیسرائیل بە کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگی لە کەرتی غەززە تۆمەتبار دەکات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتەبێژەکەیان دەڵێ "ڕاپۆرتەکە ڕەت دەکەینەوە".

هیومەن ڕایتس وۆچ کە چاودێری مافەکانی مرۆڤ دەکات لە سەرتاسەری جیهان لە تازەترین ڕاپۆرتیدا لەسەر دۆخی غەززە، ئاماژەی بە خراپی دۆخی مرۆیی کردووە و ڕایگەیاندووە، بە وێرانکردنی ژێرخانی کەرتی خزمەتگوزارییەکان و نیشتەجێبوون، سوپای ئیسرائیل هەوڵی لە ناوبردنی بەشێکی دانیشتووانی غەززە دەدات.

هەروا ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بەوەی کە بە ئەنقەس ڕێگری لە فەڵەستینییەکان دەکات دەستیان بە ئاوی پاک ڕا بگات.

ڕاپۆرتەکەی هیومەن ڕایتس وۆچ لە کاتێکدایە، پێشووتر هەر یەک لە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی پزیشکانی بێسنوور بە هەمانشێوە سوپای ئیسرائیلیان بە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەززە تۆمەتباردووە.

دواجار ڤێدانت پاتێل، یاریدەدەری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هەڵوێستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و گوتی:"  شاراوە نییە، ئەوەی لە غەززە هەیە، قەیران و کارەساتێکی مرۆییە، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی ئەوەی ئاخۆ کۆمەڵکوژی کراوە یان نە، ئەوە پێوەرێکی بەرز بۆ دیاریکردن و هەڵسەنگاندن دادەنرێت، هەربۆیە ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکەی هیومەن ڕایتس وۆچ ڕەت دەکەینەوە".