سوید: چیتر پارە بە ئۆنروا نادەین

سوید ئەمڕۆ هەینی، 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە ڕێگەی بنیامین دۆسا، وەزیری هاوکارییەکانی وڵاتەکەیەوە، بە فەرمی ڕایگەیاند "ستۆکهۆڵم چیتر پارە بە ئۆنروا نادات."

ئەو وەزیرە لە لێدوانێکیدا بۆ "کەناڵی تیڤی 4" ئاماژەی بەوەش کردووە، سوید بەنیازە لە ڕێگەی دیکەوە هاوکاریی مرۆیی پێشکەش بە کەرتی غەززە بکات.

دۆسا ئاماژەی بەوەش دا "سوید بڕیاری بۆ کۆتاییهێنان بە دابینکردنی دارایی بۆ ئۆنروا دا، بەڵام لە ئەنجامی گەمارۆکانی ئیسرائیلەوە بووە، چونکە ئاراستەکردنی هاوکارییەکان بۆ فەڵەستینییەکان لە ڕێگەی ئەو دەزگایەوە قورستر دەکات."

ئاماژەی بەوەش کرد، سوید پلانی هەیە، لە ساڵی داهاتوودا کۆی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ کەرتی غەززە بە جۆرێکی دیکە زیاد بکات.

وەزیرەکە باسی لەوەش کرد، "ژمارەیەک ڕێکخراوی دیکە لە غەززە هەن، یەکێک لەو ڕێکخراوانە بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکانە وەک ڕێکخراوێکی پۆتانسێل بۆ وەرگرتنی هاوکاریی."

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم مانگەدا پشتگیری بۆ ئۆنروا دەربڕی و داوای لە ئیسرائیل کرد، ڕێز لە ئەرکی ئاژانسەکە بگرێت و "بتوانێت ئۆپەراسیۆنەکانی بەبێ بەربەست و سنووردارکردن بەردەوام بێت". بەڵام ئیسرائیل بەردەوامە لە گەمارۆدانی ئەو دەزگایە.

ئیسرائیل لە کۆتایی مانگی یەکەوە ئۆپەراسیۆنەکانی ئۆنروای قەدەغە کرد، چەندان جار کارمەندانی دەزگاکەی تۆمەتبار کرد، بە تێوەگلان لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کە بووە هۆی شەڕی بەردەوامی غەززە.

ماوەیەکی زۆرە پەیوەندیی نێوان ئیسرائیل و ئۆنروا ئاڵۆز بووە، بەڵام لە سەرەتای دەست پێ کردنی شەڕ لە غەززەوە بە شێوەیەکی بەرچاو تێکچووە، ئیسرائیلیش چەندان جار داوای هەڵوەشاندنەوەی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە و هەروەها بەشێک لە کارمەندەکانی بە هاوکاریی لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس تۆمەتبار کردووە .

 
 
 
Fly Erbil Advertisment