ئەردۆغان: لە سووریا باڵەکانی پەکەکە لە ناو دەبەین

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە نێو فڕۆکەکەیدا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە قاهیرە بۆ ئەنقەرە ڕایگەیاند، تورکیا بەشداریی لە بنیادنانەوەی حکوومەتی نوێی سووریا دەکات و لە نزیکترین کاتدا تەواوی ڕێکخراوە چەکدارەکانیش لەناو دەبردرێن. 

ئەردۆغان کە بۆ بەشداری لە لوتکەی هەشت وڵاتە تازە گەشەندووەکان چوو بووە میسر، دوای کۆتایی هاتنی لوتکەکە، ئەمڕۆ هەینی 20ی کانوونی یەکەمی 2024، لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لەنێو فڕۆکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، لە سووریای نوێیدا هیچ گرووپ و ڕێکخراوەیەک بە ناوی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان نییە، پەکەکە و دەست و پێوەندەکانیشی کاتیان لەبەردەم نەماوە و لە نزیکترین کاتدا ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک داعش، پەکەکە و یەپەگە لەناودەبەین. 

لەبارەی یەکپارچەیی سووریا، ئەردۆغانی گوتی: بە پاساوی داعش، پارێزگاری و بەرگریی باڵەکانی پەکەکە دەکرێت، ئەم بۆچوونە سووریای بردە لێواری دابەشبوون، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و تەواوی هەڕەشەکانی تیرۆر بەلاوە دەنێنین، دواتر هەنگاویکی دیکە دەگرینەبەر و پەیوەندییە بازرگانییەکانمان لەگەڵ عێراق و سووریا پەرەی زیاتری پێدەدەین، چونکە قۆناغێکی نوێ هاتووەتە پێش.