"داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە"؛ ئاڵای ڕێکخراوەکە لە گوندێکی سەر بە پارێزگای کەرکووک هەڵکرا بوو

وەزیری دەرەوەی عێراق بە وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای ڕاگەیاند: ڕیکخراوی داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە، بە تایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد دەستی بەسەر ژمارەیەک چەک و پێداویستی جەنگی سوپای سووریادا گرت، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ناوچەکاندا فراوانتر بکات.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ هێمیس فالکۆنەر، وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریی لە گەڕانەوەی داعش دەدات و دەڵێت: ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە، هەروەها بەهۆی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، بەشێک لە چەک و پێدوایستیی سوپای سووریا کەوتە دەستی ئەم ڕێکخراوە، کە ئەمەش وادەکات سنووری دەسەڵاتی خۆیان فراوان و دەست بە چالاکییە تیرۆستییەکانیان بکەنەوە.

هاوکات ناوبراو هۆشداریی لە هەڵاتنی ئەندامانی داعش لە زیندانەکان دەدات و ئاماژەی بەوە کرد، "ڕەنگە ئەو بارودۆخەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی سووریا، ببێتە هۆی دەرفەتێک بۆ ئەندامانی داعش تا لە زیندانەکان ڕا بکەن، هەروەها ببێتە هۆکاری ئاژاوەگێڕی لەنێو کەمپی هۆل".

هەڵکردنی ئاڵای داعش لە گوندێکی سەر بە پارێزگای کەرکووک

ئەم نیگەرانی و هۆشدارییەی فوئاد حوسێن دوای ئەوە دێت، کە ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراق گەمارۆی گوندێکی سەر بە پارێزگای کەرکووکیان دا کە ئاڵای داعشی لێ بەرز کرابووەوە.

لای خۆیەوە، وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، نیگەرانی وڵاتەکەی لە ئەگەری پێکدادانی چەکداریی لەنێوان گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا و هەسەدە دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە دۆخی سووریا بەرگەی شەڕی ناوخۆیی زیاتر ناگرێت.

ترس لە دووبارە گەڕانەوەی ڕێکخراوی داعش هەیە، ڕۆژی پێنجشەممە 19ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕۆژنامەی پۆلەتیکۆ لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمەریکی کە چاودێری دۆخی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا دەکەن، بڵاوی کردەوە، ئەگەر هێرشی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بکرێت، دەبێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ئەندامانی داعش دۆخەکە بقۆزنەوە لە زیندان ڕا بکەن.

هۆکاری گەڕانەوەی داعش
بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە ئەنجامی ناکۆکییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئه‌و هێزانه‌ لە باکووری سووریا، وا دەکات توانای هەسەدە لە پاراستنی ئاسایشی زیندانەکانی داعش و کەمپەکان لاواز بێت.

شرۆڤەکارێکی دیکەی سەربازیی بۆ کەناڵێکی عەرەبی ئاشکرای کرد، ڕەنگە داعش لە قۆناغێکی ستراتیجی نوێدا بێت، کە خەریکی پێکهێنانی شانە بچووکەکان و دابەشکردنیانە بەسەر ئەو ناوچانەی کە دۆخێکی ئەمنیی هەستیاریان هەیە، ڕەنگە هێرشی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات کەشێکی گونجاو بۆ ڕێکخراوەکە دابین بکات تا دووبارە خۆیان ڕێک بخەنەوە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment