ئەمەریکا: لەگەڵ تەحریر شام باسمان لە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی داعش کرد

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: شاندەکەیان لە دیمەشق لەگەڵ تەحریر شام گفتوگۆی گواستنەوەی دەسەڵاتیان کرد، هەروەها باسیان لە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی داعش کرد.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، ماتیۆ میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا، شاندێکی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق کۆ بووەوە.

وەزارەتەکە ڕایگەیاند: شاندەکەیان لە دیمەشق لەگەڵ تەحریر شام گفتوگۆی گواستنەوەی دەسەڵاتیان کرد، هەروەها باسیان لە پێویستی بەرەنگاربوونەوەی داعش کرد.

هێمای بۆ ئەوەش کرد، شاندەکە باسیان لە چارەنووسی ئۆستن تایسی ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتییانی دیکەی ئەمەریکی کردووە کە لە سەردەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە و سووریا ونبوون.

لای خۆیەوە ئەحمەد شەرع، سەرکردەی دەستەی تەحریری شام، کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندە ئەمەریکییەکە بە ئەرێنی پێناسە کرد.

هەر ئەمڕۆ، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە سووریا ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی وڵاتەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆیان لەبارەی ئەو بنەمایانە کردووە، کە ئەمەریکا و هاوبەشەکانی لە عەقەبە لەسەری ڕێککەوتوون.

دەشڵێت: گفتوگۆیان لەبارەی پشتیوانیکردنی پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر بە سەرۆکایەتی سوورییەکان کردووە، کە لە ئەنجامدا حکوومەتێک پێک بهێندرێت ببێتە نوێنەری گەلی سووریا و ڕێز لە مافی هەموو سوورییەکان بگرێت.

هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکردەی دەستەی تەحریر شام گەیشتە دیمەشق.

شاندەکە پێکهاتووە لە؛ باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دانیال ڕۆبینستاین گەورە دیپلۆماتکاری ئەمەریکا لە وڵاتانی عەرەبی کە بەرپرسە لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە سووریا، لەگەڵ ڕۆجەر کارستنس بەرپرسی بارمتەکانی وڵاتەکە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment