باربارا لیف: پێشوازیی لە پەیامە ئەرێنییەکانی تەحریر شام دەکەین

باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند:  پاڵپشتیی لە پرۆسەی سیاسی لە سووریا دەکەین. گوتیشی: ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە ئاییندەی سووریا نابێت. لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا خەڵاتە 10 ملیۆن دۆلارییەکەی تایبەت بە دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع هەڵوەشاندەوە.

ئەمڕۆ هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، بە هۆکاری ئەمنیی هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵکو بەهۆی جەنجاڵی هاتووچۆوە هەڵوەشاوە.

"ئێران هیچ ڕۆڵێکی لە ئاییندەی سووریا نابێت"

ئەو بەرپرسە باڵایەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریر شام ئاماژەی بەوە دا، "کە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شەرع زۆر بەرهەمدار و ئەرێنی بوو، هەروەها سەرۆکی دەستەکە جەختی لە پابەندبوون بە نەگەڕانەوەی ڕێکخراوە تیرۆرسیتییەکان کردەوە".

هاوکات دەڵێت: گوێگرتن لە سوورییەکان دەرفەتێکی گرنگە، هەروەها پێشوازیی لە پەیامە ئەرێنییەکانی دەستەی تەحریر شام دەکەین. گوتیشی: ئەمڕۆ لێدوانی میانڕەوم لە ئەحمەد شەرع بیست.

"دۆخی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە"

باربارا لیف، جەختی لەوە کردەوە، پاڵپشتیی لە پرۆسەی سیاسی لە سووریا دەکەن. هاوکات باسی لەوە کرد، کە دەبێت حکوومەتی نوێی سووریا ڕێز لە مافی هەموو گەلانی وڵاتەکە بگرێت.

بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی ئێرانەوە، گوتی: ئەو وڵاتە هیچ ڕۆڵێکی لە ئاییندەی سووریا نابێت.

هاوکات باسی لە دۆخی کۆبانێ کرد و سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا، کە باشترین ڕێگە بۆ کۆبانێ ئاگربەستە. لەبارەی کوردیش ئەوەی ڕوون کردەوە، دۆخی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا بڕیاری دا خەڵاتە 10 ملیۆن دۆلارییەکەی تایبەت بە دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرع هەڵبووەشێنتەوە.

پێشتریش کەنالێ ئێن بی سی لەر زاری بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بڵاوی کردبووەوە، ئەگەر تەحریر شام ڕژێمی ئەسەد بڕوخێنێت، ئەوا واشنتن بیر لە لابردنی دەستەی تەحریر شام لە پۆلێنی ڕێکخراوە تیرۆستییە قەدەغەکراوەكان دەکاتەوە.

هەینی 20ـی کانوونی یەکەمی 2024، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی دەستەی تەحریر شام گەیشتە دیمەشق.

شاندەکە پێکهاتووە لە؛ باربارا لیف، بەرپرسی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دانیال ڕۆبینستاین گەورە دیپلۆماتکاری ئەمەریکا لە وڵاتانی عەرەبی کە بەرپرسە لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان بە سووریا، لەگەڵ ڕۆجەر کارستنس بەرپرسی بارمتەکانی وڵاتەکە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment