مووشەکێک لە نزیک تەلئەڤیڤ کەوتە خوارەوە و زیاتر لە 15 بریندار هەن

سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 12ی کانوونی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی نەیتوانیوە مووشەکێک بخاتە خوارەوە کە لە یەمەنەوە هەڵدراوە، بەهۆیەوە 16 کەس بریندار بوون.

ئەڤیخای ئەدرەعی گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی "دوای هەڵدانی مووشەکێک لە یەمەنەوە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی کەوتووتە کار و زەنگی هۆشیارکردنەوەی لێ داوە، بەڵام نەتوانراوە  تێکی بشکێنن و مووشەکەکە لە نیزیک تەلئەڤیڤ کەوتووەتە خوارەوە و لێکۆڵینەوەکانیش بەردەوامن.

هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری تیمی تەندروستی ئیسرائیل بڵاوی کردووەتەوە، بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەوە 16 کەس بەسووکی برینداربوون.

هاووڵاتییەکیش ئاماژەی داوە "کاتی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە لە ماڵەوە بووە و گوێ بیستی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە و بینیوویەتی مووشەکەکە زیانێکی زۆری بە خانوو و باڵەخانەکانی دەوروبەری گەیاندووە."

هەر لە بارەی هێرشەکەوە پۆلیسی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە "زیان بەر چەند یەکەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە و میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، کە مووشەکەکە لە ناوچەی بەنی براک لە ڕۆژهەڵاتی تەلئەڤیڤ کەوتووە خوارەوە."

لە تشرینی دووەمی 2023ـەوە، حووسییەکانی یەمەن وەک پشتیوانی لە چەکدارانی حەماس و کەرتی غەززە هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کەنداوی عەدەن و ئیسرائیل دەست پێ کردووە، دواجار ڕۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2024، چەکدارە حووسییەکانی یەمەن، بەرپرسیارێتی خۆیان لە هەڵدانی مووشەکێکی خێراتر لە دەنگ بەرەو ئسیرائیل ڕاگەیاند.