تاڵیبان زیاتر لە 20 سەربازی پاکستانی کوشت و بریندار کرد

سەربازانی پاکستان
سەربازانی پاکستان

شەممە، 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، تاڵیبانی پاکستان، ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێرشێکیان کردوووەتە سەر بنکەیەکی سوپای پاکستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان، کە بەگوتەی بەرپرسانی هەواڵگری، 16 سەرباز کوژراون و پێنجی دیکەش بە سەختی بریندار بوونە.

بەرپرسێکی باڵای هەواڵگری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە "هێرشەکە دوای نیوەی شەو کراوە، شەڕەکەش نزیکەی دوو کاتژمێری خایاندووە، لەکاتێکدا نزیکەی 30 چەکدار لە سێ لاوە هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکە."

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا 16 سەرباز کوژران و پێنج سەربازیش بە سەختی بریندار بوونە." هەروەها چەکدارەکان ئاگریان لە  بێتەل و بەڵگەنامە و کەلوپەلەکانی دیکەی بنکەکە بەرداوە."

بەرپرسێکی دیکەی هەواڵگری، ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی هێرشەکەی ناوچەی ماکین لە پارێزگای خەیبەر پختونخوا، کە 40کیلۆمەتر لە سنووری ئەفغانستانەوە دوورە پشتڕاست کردەوە.

بەشی ناوخۆیی تاڵیبان لە پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد "هێرشەکە لە تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی فەرماندە باڵاکانمان کردووە."

تاڵیبان باسی لەوەش کردووە "دەستیان بەسەر کۆمەڵێک کەلوپەلی سەربازیدا گرتووە وەک دۆشکە و دووربینێکی شەوانە."

تا ئێستا سوپای پاکستان سەبارەت بەو ڕووداوە هیچ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو نەکردووەتەوە.