دۆناڵد ترەمپ هەڕەشە لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، یەکێتیی ئەورووپای خستە بەردەم دوو بژاردە، یان دەبێت گرێبەستی نەوت و گاز لەگەڵ وڵاتەکەی بکەن، یان یان ڕووبەڕووی زۆرترین باجی گومرگی دەبنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر یەکێتیی ئەورووپا بە مۆرکردنی ڕێککەوتنێکی گەورەی نەوت و گاز، کورتهێنانی بازرگانیی لەگەڵ ئەمەریکا کەم نەکاتەوە، ڕەنگە ڕووبەڕووی باجی گومرگی ببێتەوە.

بەگوێرەی داتاکانی حکوومەتی ئەمەریکا، یەکێتیی ئەورووپا بەشێکی زۆری  نەوت و گازی ئەمەریکا دەکڕێت، هەروەها ئێستا ئەمەریکا هیچ بڕێکی زیادەی لەبەردەستدا نییە، مەگەر ئەمەریکا بەرهەمی خۆی زیاد بکات، یان هاوردەی گاز و نەوت لە ئاسیا، زیاد بکات.

دۆنالد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'Truth social' گوتی: "بە یەکێتیی ئەورووپام گوت، دەبێت بە بە ڕێژەیەکی بەرفراوان نەوت و گاز لە ئەمەریکا بکڕن، بۆ ئەوەی ئەو کورتهێنانە گەورەکەیان لەگەڵ ئەمەریکا کەم بکەنەوە، ئەگەرنا، ڕووبەڕووی زۆرترین ڕێژەی باجی گومرگی دەبنەوە!."

لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند "ئامادەن لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا گفتوگۆ بکەن لەسەر چۆنیەتی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان و کەرتی وزە، ئاماژەی بەوەش دا، یەکێتیی ئەورووپا پابەندە بە کۆتایهێنانی قۆناغ بە قۆناغی هاوردەکردنی وزە لە ڕووسیا و هەمەچەشنکردنی دابینکردنی سەرچاوەکانی وزە."

بەپێی داتاکانی فەرمانگەی ئاماری ئەورووپا، یۆرۆستات، ئەمەریکا لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2024دا، لەسەدا 47ـی گازی سروشتی شل و لەسەدا 17ـی نەوتی وڵاتەکەی بۆ یەکیتیی ئەورووپا دابین کردووە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment