کوردستان24 دەچێتە نزیک سنووری سووریا و ئیسرائیل

پەیامنێری کوردستان24 لەسەر سنووری سووریا و ئیسرائیل
پەیامنێری کوردستان24 لەسەر سنووری سووریا و ئیسرائیل

پەیامنێری کوردستان24 لە سووریا ڕایدەگەیەنێت: هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە نێو چەند گوندێکی سەر بە قونەیترە لە نێو خاکی سووریا، 200 مەترێک  لە ناوەڕاستی شارەکە دوور کەوتوونەتەوە، بۆ ئەوەی چاودێری بارودۆخەکە بکەن.

جموجۆڵی هێزەکانی ئیسرائیلی لەسەر خاکی سووریا دوای کەوتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد زیادیان کردووە، بەشێوەیەک یەکەم کۆبوونەوەی ئەمنی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هەفتەی ڕابردوو لەگەڵ فەرماندە سەربازیی و هەواڵگرییەکان لەسەر چیای شێخ لە جۆلان بەڕێوەچوو کە ئێستا ئیسرائیل کۆنتڕۆڵی کردووە.

پەیامنێری کوردستان24 گواستیەوە،  ئێستا لە شارێکن لە چۆڵستانی قونەیترە، سوپای ئیسرائیل بە تانک و زریپۆش بەنێو شارەکە تێپەڕیوە و شۆستەکانیان خراپ کردووە، دەشڵێت: سوپای ئیسرائیل نزیکەی 200 مەتر لەنێو شارەکە دوورن، موختاری قونەیترە ئاشکرای کرد، دوێنێ سووپای ئیسرائیل پەیوەندییان پێوە کردووە و دەڵێت: سووپای ئیسرائیل گوتیان دەمانەوێت بێیە لای ئێمە، گوتم: هیچ کارم لەگەڵ ئێوە نییە بۆچی بێمە لاتان، گوتم: دەسەڵاتێک لەو وڵاتە هەیە کە دەستەی تەحریر شامە، دەبێت قسە لەگەڵ ئەوان بکەن، گوتیان: نەخێر، پێویستە پێشووەختە لەگەڵ تۆ قسە بکەین، دواتر خەڵکی قونەیترە گوتیان تۆ بڕۆ بۆ لایان، کە چوومە لایان، پرسیاریان کرد چەک لە شارەکە هەیە؟ گوتم: نەخێر چەک لێرە نییە، ژن و منداڵ و فەرمانبەری لێیە و ئەوان منیان ناردە لای ئێوە، بۆ ئەوەی ئێوە نێنە نێو شارەکە.

موختاری قونەیترە گوتی: ئێمە ترسمان هەیە و داوایان لێ دەکەین بکشێنەوە شوێنی خۆیان، ئاشکرای کرد ئیسرائیل چەند گوندێکی کۆنتڕۆڵ کردووە، وەک حەمیدیە و حورییە و ڕەوازییە و هەندێک ناوچەی قونەیترەش، لەو ناوچانە تانکیان بڵاوە پێکردووە، خەڵکی ناوچەکەش دەڵێن، هەر کەسێک بچێتە نزیک هێزەکە، ژیانی دەکەوێتە مەترسییەوە.

 

 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment