هەزاران ئەندامی ڕژێمی پێشووی سووریا خۆیان ڕادەست کردەوە

دوو بنکەی یەکلاکردنەوەی دۆخی ئەندامانی ڕژێمی پێشووی سووریا لە دیمەشق کرانەوە، هەر لەسەرەتای کردنەوەی دوو بنکەکەش، هەزاران ئەندام لە سەرباز و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش ڕوویان تێکرد.
شەممە 21ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوو بنکەی یەکلاکردنەوەی دۆخی سەرباز و پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی دەسەڵاتی ڕووخاوی بەشار ئەسەد لە دیمەشق کرانەوە و هەزاران کەس لەو هێزانەی پێشوو ڕوویان تێکرد.
یەکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بنکەیەکیان لە ناوچەی کێڵگە لە ڕۆژهەڵاتی دیمەشق، بنکەیەکی دیکەش لە ناوچەی ئەلمەزە کردەوە کە هەزاران سەرباز و پیاوی ئەمنی دەسەڵاتی ڕژێمی ڕووخاوی ئەسەد ڕوویان تێکردن، هەندێک لەوان چەکەکانیان لەگەڵ خۆیان بۆ بنکەکان هێنا و ڕادەستی دەسەڵاتی نوێی سووریایان کرد.
بەرپرسێکی یەک لە ناوەندەکان گوتی: کار بۆ یەکلاکردنەوەی دۆخی ئەندامانی بەشار ئەسەد دەکەین، لەوانیش ئەفسەر و سەربازەکان، هەموو زانیارییەکیان لێ وەردەگیرێت و ئەو ئەندامانەی پڕژێمی پێشوو کارتێکیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەکیان بۆ دروست نەکرێت.
ئیبراهیم خالید، پۆلیسی پێشوو لە فەرمانگەی پەنابەری و پاسپۆرت لە دەسەڵاتی ڕووخاوی بەشار ئەسەد گوتی: دەمانەوێت بگەڕێینەوە سەر کارەکانمان، خێزان و منداڵم هەیە و دەمەوێ ژیانیان دابین بکەم، لەوە دەترسم گەڕاندنەوەمان بۆ سەر کار کاتێکی زیاتر بخایەنێت، چۆن دەتوانین بژین و چاودێری خێزانەکانمان بکەین لە کاتێکدا بارودۆخی ئێستای ئابووری وڵات زۆر سەختە.
یەکەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردنەوەی دوو بنکەی ڕاگەیاند کە تێیدا بارودۆخی ئەندامانی پێشووی هێزەکانی سەربازیی و پۆلیسی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد یەکلا دەکەنەوە، ئەو یەکەیە ڕایدەگەیەنێت، ناوەندەکانی یەکلاکردنەوەی کەیسی ئەندامانی پێشووی ڕژێمیان لە حەلەب و حومس و حەما و تەرتوس و دێرەزووریش کردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەندامانی ڕژێمی پێشووی سووریا ڕووی تێ بکەن و خۆیان ڕادەست بکەن بۆ یەکلاکردنەوەی کەیسەکانیان.