مورهەف ئەبو قەسرە بە وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتیی سووریا دەستنیشان کرا

ئەحمەد شەرع، ئەندازیار مورهەف ئەبو قەسرەی بە وەزیری بەرگریی لە حکوومەتی کاتیی وڵاتەکە دەستنیشان کرد.
ئەحمەد شەرع، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا، بەردەوامە لە دەستنیشانکردنی وەزیرەکان بۆ تەواوکردنی پێکهاتەی حکوومەتەکەی، بۆ ئەم مەبەستە ئەندازیار مورهەف ئەبو قەسرەی بە وەزیری بەرگریی لە حکوومەتەکەی دیاری کرد.
حکوومەتی کاتیی سووریا، حکوومەتێکە کە لەلایەن هێزی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دوو ڕۆژ دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بۆ بەڕێوەبردنی سووریا پێک هێنرا. هەروەها دوای کۆبوونەوەیەک کە لە دیمەشق کرا، ڕۆژی سێشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2024 محەممەد بەشیر بە سەرۆک وەزیران دەستنیشان کرا، کە لەژێر سەرکردایەتی ئەودا حکوومەتێکی کاتیی بۆ ماوەی 3 مانگ پێک دەهێنرێت.
مورهەف ئەبو قەسرە خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری کشتوکاڵی و لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنە چەکدارییەکانەوە وەک ئەندازیاری توانا سەربازییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا کاری کردووە، کە تێیدا سەرکردایەتی زۆربەی ئۆپەراسیۆنەکانی کردووە.
پێکهاتەی حکوومەتی کاتیی سووریا:-
محەممەد بەشیر- سەرۆک وەزیران
محەممەد یەعقوب عومەر- وەزیری ڕاگەیاندن
ماهیر شەرع - وەزیری تەندروستی
محەممەد تەها ئەحمەد - وەزیری کشتوکاڵ
نەزیر محەممەد ئەلقادری - وەزیری پەروەردە و فێرکردن
فادی قاسم - وەزیری گەشەپێدان
محەممەد عەبدولڕەحمان موسلیم – وەزیری بەڕێوەبردنی خزمەتگوزارییەکان
شادی محەممەد ئەلوەیسی – وەزیری داد
حیسام حاجی حوسێن – وەزیری ئەوقاف
عەبدولمونعیم عەبدولحافز – وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی
ڕیاز عەبدولرەئوف - وەزیری ئابووری
محەممەد عەبدولڕەحمان – وەزیری ناوخۆ