فڕۆکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە دەریای سوور کەوتە خوارەوە

سوپای ئەمەریکا ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕایگەیاند "فڕۆکەیەکی F-A18ی هێزی دەریایی ئەمەریکا لە ئاسمانی دەریای سوور لە ڕووداوێکدا خراوەتە خوارەوە."
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، هەردوو فڕۆکەوانەکەی ڕزگارکراون، بەڵام یەکێکیان برینێکی سووکی پێ گەیشتووە.
لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی ناوەندیدا هاتووە؛ کەشتییە جەنگییەکەی یو ئێس ئێس گێتیسبێرگ، بەشێکە لە گرووپی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس هاری ئێس ترومان، بە هەڵە تەقەی لە فڕۆکەیەکیF/A18 کردووە، کە لە کەشتی فڕۆکەهەڵگری هاری ئێس ترومانەوە دەفڕی.
هێزەکانی ئەمەریکا لە کاتی ڕووداوەکەدا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر حووسییەکانی یەمەن کردبوو و بەیاننامەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکاش وردەکاریی زیاتری سەبارەت بە سروشتی ئەرکەکە نەخستەڕوو.
بەگوێرەی ئەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM) بڵاوی کردووەتەوە، سوپای ئەمەریکا هێرشی کردووەتە سەر حووسییەکان لە سەنعا، لەوانەش شوێنی هەڵگرتنی مووشەک و دامەزراوەی فەرماندەیی و کۆنترۆڵکردن.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، سێنتکۆم، لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێزەکانی ئەمەریکا چەندان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری حووسییان لە ئاسمانی دەریای سووردا خستووەتە خوارەوە، جگە لە موشەکێکی دژە کەشتی جۆری کروز.
ئاماژەی بەوەش کردووە "مەبەست لەم لێدانانە لاوازکردنی ئۆپەراسیۆنەکان و لەناوبردنی حووسییەکان بووە، لەنێویاندا ئەو هێرشانەی بۆ سەر کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکا و کەشتییە بازرگانییەکان کە دەیکەن. ئەم لێدانانە ڕەنگدانەوەی بەردەوامیی پابەندبوونی فەرماندەیی ناوەندییە بۆ پاراستنی کارمەندانی ئەمەریکی و هاوبەشەکانی هاوپەیمانان، جگە لە هاوبەشە ناوچەییەکان و پاراستنی کەشتیوانی نێودەوڵەتی."