بەشێکی زۆری سەربازانی ڕژێمی پێشووی سووریا چەکاکانیان ڕادەستی حکوومەتی کاتیی کرد

یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەشێکی زۆر لە ئەندامانی سوپای پێشووی سووریا، چوونە ناوەندەکانی خۆڕادەستکردنەوە لەدەرەوەی دیمەشق، بە مەبەستی ڕادەستکردنی چەکەکانیان و دەست پێ کردنی ڕێکارەکان بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانیان لە ژێر چاودێریی ئەندامانی دەستەی تەحریر ئەلشام.

هەروەها ئافرەت و پیاو سەردانی ئەو ناوەندەیان کرد بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو کەلوپەلە بەنرخانەی حکوومەت کە لایان بووە، ئەمەش لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتەواییە بە ئامانجی یەکخستنەوەی هێزەکانی ئەسەد لە سووریای نوێدا، لە کاتێکدا بەشداربووان کارتی کاتیی ئەستۆپاکییان پێ دەدرێت، کە بۆ ماوەی سێ مانگ کاری پێ دەکرێت.

مقەدەم ڕائید وەلید عەبد ڕەبە، بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاند، "ئەو کەسانەی تۆمەتی تاوانکارییان نییە، ڕێگەیان پێ دەدرێت ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێ بکەنەوە."

ڕوونیشی کردەوە "داهاتوو پەیوەستە بە بڕیاری سەرکردایەتییەوە، بێگومان بۆ ئەوانەی خوێنی ئێمەیان نەڕشت، ژیانێکی ئاسایی دەژین، وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە، بەڵام ئەوانەی بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵدەگرن و دۆسیەیان هەیە، ئەوانە دۆسیەکانیان لای دەسەڵاتی دادوەری و دادگایە."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment