گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا سەرۆکی ئۆکرانیا بە ئوسامە ناو دەبات

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی "بۆتە سەرۆکی شانەیەکی تیرۆریستی."

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەربارەی هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر شاری کازان، بە ئاژانسی سپۆتنیکی ڕاگەیاند، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی "بۆتە سەرۆکی شانەیەکی تیرۆریستی" و بە 'ئوسامە بن زێلێنسکی' ناوی هێنا.

ماریا زاخارۆڤا،  ئاماژەی بەوەش دا "ئوسامە بن زێلێنسکی.. لە پێشتردا ڕژێمی کیێڤ جەوهەری تیرۆریستی خۆی نیشان داوە، بەڵام ئێستا بوێری نییە"

بە گوتەی ئەو گوتەبێێژەی ڕووسیا، ئەمەریکا و بەریتانیا ڕێک بەم شێوەیە 'ئوسامە بن لادن'یان ئامادە کردووە و زاخارۆڤاش پشتڕاستی کردەوە کە ئێستا هەمان شت لەگەڵ زێلێنسکیدا دەکرێت.

زاخارۆڤا، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "ئێستا زێلێنسکی بووەتە سەرۆکی شانەیەکی تیرۆریستی، کە هاووڵاتیانی مەدەنی و زانا و منداڵ دەکوژێت، ئەوەش پلانێکی کلاسیکیی ئەمەریکیی و بەریتانییەکانە کە چۆن ئەو جۆرە کەسانە پەلکێش دەکەن و بەکرێیان دەگرن، لە ژێر پەردەی دیموکراسیدا."

زاخارۆڤا ئەوەشی گوت: "مۆسکۆ توڕەیە لە بێدەنگیی ڕۆژئاوا سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی درۆنەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر شاری کازانی ڕووسیا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات وەڵامی گونجاو بداتەوە."