لە وڵاتێکی ئەورووپا ماوەی یەک ساڵ 'تیک تۆک' قەدەغە کرا

ئەلبانیا دوای کوژرانی هەرزەکارێکی تەمەن 14 ساڵ لە مانگی ڕابردوودا، یەک ساڵ پلاتفۆرمی تیکتۆکی قەدەغە کرد، ئەمەش لە ترسی دروستبوونی کاریگەریی بووە لەسەر منداڵان.

ئیدی ڕاما، سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەلیک لە دایک و باوک و مامۆستایان لە سەرانسەری وڵاتەوە ڕایگەیاند، قەدەغەکردنەکە بەشێکە لە پلانی سەلامەتی قوتابخانەکان، کە سەرەتای ساڵی نوێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئیدی ڕاما ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ماوەی ساڵێک بە تەواوی پلاتفۆڕمی تیکتۆک بەڕووی هەموو کەسێکدا دادەخەین.

سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا لۆمەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی کرد بەتایبەتی تیک تۆک، کە بە سووتەمەنی توندوتیژیەکانی نێو گەنجانی وەسف کرد، لە ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکان.

بڕیارەکەی حکوومەتی ئەلبانیا دوای ئەوە دێت کە لە مانگی نۆڤەمبەردا قوتابیەکی تەمەن 14 ساڵان بە چەقۆ کوژرا.

میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە، ڕووداوەکە دوای ناکۆکی نێوان ئەو دوو قوتابییە بووە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان.

ڕاما وتی: کێشەی ئەمڕۆ منداڵەکانمان نییە، کێشەی ئەمڕۆ ئێمەین، کێشەی ئەمڕۆ کۆمەڵگای ئێمەیە، کێشەی ئەمڕۆ تیک تۆک و ئەوانی دیکەیە کە دەستیان بەسەر منداڵەکانماندا گرتووە.

زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپی لەوانە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەلجیکا بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بۆ منداڵان سنووردارکردووە.

هاوکات ئوسترالیاش لە مانگی تشرینی دووەمدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر قەدەغەکردنی تۆرەکۆمەڵایەتییەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەن 16 ساڵی.

 

 
Fly Erbil Advertisment