سوودانی: توانیمان مەترسییەکان لە عێراق دوور بخەینەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: پێویستە پارێزگاری لە دەستکەوتە ئەمنییەکان بکرێت. جەختی لەوەش کردەوە، کە توانیویانە مەترسییەکان لە عێراق دوور بخەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازییەکانی پارێزگای نەینەوای کرد.
سوودانی لە کۆبوونەوەکەدا ڕایگەیاند: چاوپۆشی لە هیچ ڕووداوێک نەکرێت کە کاریگەری بۆ سەر سەقامگیریی پارێزگای نەینەوا و عێراق هەبێت. هاوکات جەختی لە پێویستی پارێزگاریی لە دەستکەوتە ئەمنییەکان کردەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق، گوتی: عێراقییەکان قوربانییان بۆ دەستکەوتەکان داوە. هاوکات دەشڵێت: "توانیمان مەترسییە ئەمنییەکان بۆ سەر وڵاتەکە نەهێڵێن، بە تایبەتی ئەو ئاڵنگاریی و مەترسییەی کە ناوچەکە لە چەند هەفتەی ڕابردوو شاهێدی بوو بەهۆی ڕووداوەکانی سووریاوە."