نێچيرڤان بارزانى پشتیوانیی گەلی کوردستانی بۆ ئیسماعیل بێشکچی دووپات کردەوە

نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی
نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ئیسماعیل بێشکچی

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستان پێشکەش بە بیرمەند و کۆمەڵناس و نووسەری تورک و دۆستی گەلی کورد، ئیسماعیل بێشکچی کرد، ئیسماعیل بێشکچیش جه‌ختى له‌ پشتگيريى به‌رده‌وامى خۆى و وه‌قفى ئيسماعيل بێشکچی بۆ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان كرده‌وه‌.

یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ ديدارێكدا له‌گه‌ڵ ئيسماعيل بێشکچی، بيرمه‌ند و كۆمه‌ڵناس و نووسه‌رى ديارى تورك و دۆستى گه‌لى كورد، سوپاس و پێزانينى گه‌لى كوردستانى بۆ پشتگيرى و به‌رگريكردنى له‌ مافه‌كانى گه‌لى كورد دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشيى له‌ ئه‌رك و كاره‌كانى وه‌قفى ئيسماعيل بێشکچی، به‌تايبه‌تى له‌ بواری كوردۆلۆژيدا كرد.
لاى خۆيه‌وه‌ بێشکچی، خۆشحاڵيى خۆى به‌ سه‌ردانى بۆ هه‌رێمى كورستان و پێشكه‌وتنه‌كانى ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ پشتگيريى به‌رده‌وامى خۆى و وه‌قفى ئيسماعيل بێشکچی بۆ مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌لى كوردستان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ گه‌شبينييه‌وه‌ ديد و بۆچوونى خۆى ده‌رباره‌ى داهاتووى گه‌لى كوردستان، خسته‌ ڕوو.

له‌ ديداره‌كه‌دا پارێزگارى هه‌ولێر و ژماره‌يه‌ك له‌ مامۆستايانى زانكۆى سه‌ڵاحه‌دين و به‌ڕێوه‌به‌رانى وه‌قفى ئيسماعيل بێشکچی، ئاماده‌ بوون.