کونسوڵی نوێی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەست بەکار بوو

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، پێشوازیی لە کونسوڵی نوێی ئێران لە هەرێمی کوردستان کرد
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، پێشوازیی لە کونسوڵی نوێی ئێران لە هەرێمی کوردستان کرد

بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵی نوێی ئێران کۆبووەوە و ئاماژەی بەوە دا، هەرێمەکە هەمیشە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەتى ئێران.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی نوێی ئێران لە هەرێمەکە کرد.

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکە کە شاکر حوسێن، بەڕێوەبەرى پەیوەندییەکانى حکوومەتى هەرێم لەگەڵ کۆمارى ئیسلامى ئێران ئامادەبوو، دزەیی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونى لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئێران لە هەولێر کرد و هیوای سەرکەوتنى لە ئەرکەکانیدا بۆ خواست.

هاوکات دزەیی پاڵپشتیی فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و دامەزراوەکانى حکوومەتى هەرێمى نیشاندا بۆ هاوکارى و هەماهەنگى لە پێناو پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و فراوانکرنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ سوود و بەرژەوەندىی هەردوولا.

هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کونسوڵی گشتی نوێی کۆماری ئیسلامى ئێران، پەڕاوى فەرمى دەستبەکاربوونى پێشکەش بە بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت کرد و خۆشحاڵى خۆى نیشاندا کە لە هەولێر دەستبەکار بووە، هاوکات هیواى خواست بتوانن بە یەکەوە ئاستى پەیوەندییەکانى نێوان هەردوولا بگەیەننە قۆناغێکى پێشکەتووتر.

هەر لە کۆبوونەوەکە باس لە پەیوەندى دێرینى نێوان هەردوولا و دراوسێیەتى کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە هەرێمى کوردستان هەمیشە بە بایەخەوە دەڕوانێتە پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکە بە تایبەتى کۆمارى ئیسلامى ئێران لە پێناو سوودى هەردوو گەلى دۆست.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment