لە ڕحا هەموو چالاکییەک قەدەغە کرا

پارێزگاری ڕحا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، لە ئەمڕۆوە، 23ی کانوونی یەکەمی 2024، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ هەموو جۆرە گردبوونەوە و چالاکییەکی مەدەنی لە سەرتاسەری پارێزگاکە قەدەغەیە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پارێزگار، بڕیارەکە لە کاتژمێر 1ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت، هەرچەندە هیچ هۆیەکی بۆ ئەو بڕیارەی ڕوون نەکردووەتەوە، بەڵام ئاماژەی داوە بڕیارەکە لە پێناو "ڕێگرییە لە کردەوەی تیرۆریستی و تاوانکاری."
هەروا ئاماژەی داوە "لە مەیدان و شوێنە گشتی و گۆڕەپانەکاندا، بە هەموو شێوەیەک کۆبوونەوەی جەماوەری، گردبوونەوە، کەمپینی مانگرتن، ڕێپێوان، بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوی ڕۆژنامەوانی و چالاکییەکانی دیکە، قەدەغەیە."
بڕیارەکەی پارێزگاری ڕحا بەهۆی کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی سوپای تورکیایە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، ترس هەیە لە ناوەندی ڕحا و شارۆچکەکانی دەوروبەری خۆپیشاندان و ناڕەزایی ساز بکرێت وەک پشتیوانییەک لە هاووڵاتییانی ڕۆژئاوای کوردستان.