تەندروستیی جیهانی: لەبەر بۆمبارانەکان ناتوانین پێداویستیی پزیشکی بنێرینە غەززە

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دوێنێ یەکشەممە پشتڕاستی کردەوە زۆربەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە وێران بوونە.
مارگریت هاریس، گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند "زۆربەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لە کەرتی غەززە لەناو چوونە، ئێمەش هەوڵ دەدەین نێردەی پزیشکی بنێرین و هاتنە ناوەوەی دوا نێردە بۆ غەززە بەهۆی بۆردومانەکەوە دواخرا."
ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕۆژانە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل دەکەین یارمەتیمان بدەن، بەڵام ئەوان ڕەتی دەکەنەوە، بۆ هاوکاریی کردنی خەڵکەکەی، بچینە غەززە."
جەختیشی کردەوە "ڕۆژانە هەوڵ دەدەین هاوکاریی پزیشکی بگەیەنین بە کەرتی غەززە."
کەرتی گەمارۆدراوی غەززە، ژمارەی دانیشتووانەکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسە، لە ئەنجامی بەردەوامیی بۆمبارانی "ئیسرائیل" ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی بەرفراوان بووەتەوە.