بەقایی: ئەوەی بۆ ئێران گرنگە یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت

ئیسماعیل بەقایی, گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی ئێرانی لە دۆخەدا نابێت گەشتی سووریە بکەن، دەشڵێت: پێشتر, هێزەکانی ئێران لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە لە سووریا بوون و پەیوەندیشیان لەگەڵ بەشێک لە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەبووە.
بەقایی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا، گوتی: "گرنگ ئەوەی سووریا نەبێتە شوێنی گەشەی تیرۆر، پێویستە هەموو وڵاتانیش بگەنە ئەو بڕوایەی، هەموو نائارامییەک لە وڵاتێک بۆ وڵاتانی دیکەش دەگوازرێتەوە؛ هەربۆیە ئەوەی ئێمە دەمانەوێت، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سووریایە، بەڵام چارەنووس و دەسەڵاتدارێتی داهاتووی وڵاتەکە لەلایەن خودی سوورییەکانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت. گرنگە بڕیاردانی سوورییەکان بەبێ دەستوەردانی دەرەکی بێت و وڵاتانیش پابەندی ئەم خاڵە بن.
هەروەها هۆشداریی دایە خەڵکی وڵاتەکەیشی و گوتی: "جارێکی دیکە جەخت لەوە دەکەمەوە بەهۆی ئەو گۆڕانانەی لە سووریا هاتوونەتە پێش و دۆخی شڵەژاوی ئەو وڵاتە، نابێت هاووڵاتییانی ئێرانی سەردانی سووریا بکەن."
سەبارەت بە هێزەکانی ئێران لە سووریا، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند "چوونی هێزەکانی ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوو تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە بووە، بۆ ئەوەی نەپەڕنەوە وڵاتانی ناوچەکە، هاوکاریش بووین لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا."
گوتیشی: "پێشتر لەگەڵ بەشێک لە گروپەکانی ئۆپۆزیسیۆن پەیوەندیمان هەبووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای سووریا نەبووە."