ئیسرائیل: بە ئارامیی لە خاکی لوبنان دەکشێینەوە

ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، سوپای ئیسرائیل لەسەرخۆ لە باشووری لوبنان دەکشێتەوە، ئەوەش بەهۆی جێگیرکردنی سوپای لوبنان، وەک خۆیان بانگەشەیان بۆ کردووە.
سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی ئەمنیی ئیسرائیل، ڕێککەوتنی ڕاگەیاندنی ئاگربەستی لە لوبنان پەسەند کرد.
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە هەمان ڕۆژ، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵلای لوبنانی گوتی: "ئاگربەست لەگەڵ لوبنان ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات سەرنج بخاتە سەر هەڕەشەکانی ئێران." گوتیشی: "ئیسرائیل پارێزگاریی لە ئازادی هاتوچۆ لە تەواوی لوبنان دەکات."
درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.