دادگای فیدراڵی جارێکی دیکە لەسەر سکاڵایەکی جووتیارانی کورد و تورکمان کۆ دەبێتەوە
سێشەممە 24ی کانوونی یەکەمی 2024، بۆ جاری 13یەم، دادگای فیدراڵی لە سەر داوای هاووڵاتییانی کورد و تورکمان لە بارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعس کۆ دەبێتەوە، کە لەسەر سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق, تۆماریان کردووە.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بڕیارە لەسەر ئەو دوو سکاڵایەی جووتیارانی کورد و تورکمانی سنووری پارێزگای کەرکووک کۆ بێتەوە و بۆ ئەوەی بڕیارەکانی بە ناوی چاکسازیی کشتووکاڵی سەردەمی ڕژێمی بەعس بە ژمارە 494ی ساڵی 1977 ، ژمارە 54ـی ساڵی 1970، ژمارەی 53ـی ساڵی 1976، لەبارەی دەست بەسەرداگرتنی زەوییە کشتووکاڵییەکانی جووتیارانی کورد و تورکمان هەڵوەشێنرێتەوە و مافی خاوەنداریتی بۆ جووتیاران بگەڕێنرێتەوە.
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، ئەم دوو سکاڵایە 13مین جارە دادگای فیدراڵی لەسەریان کۆ دەبێتەوە و بەڵام تەنیا بڕیار لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەکە دەدات.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق نووسراوی ژمارەی (ق2/4/68/15854) لە (31/10/2024) کە کۆپییەکی بە دەست ماڵپەڕی کوردستان24 کەوتووە، نووسراوەکە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆمارکردنی خانووبەرە لە هەر 15 پارێزگاکە و تێبینەرایەتییەکانی سنووری پارێزگاکان کراوە، بۆ ئەوەی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی نیشانەی گلدانەوە لەسەر تەواوی ئەو زەوی و موڵکانە دانرێت کە خاوەندارێتیان لەسەر ناوی وەزارەتی بەرگریی تۆمار کراوە.
ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی و گشتاندنەکەی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای عێراق، لە کاتێکدایە کە ڕووبەری 135 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بەشێکی ئەو زەویانە دەکەوێتە سنووری تۆبزاوە و ناوچەکانی دیکەی باشووری کەرکووک لە سەردەمی ڕژێمی بەعس بە بڕیاری چاکسازیی کشتوکاڵی، مافی خاوەندارێتیان جووتیارانی کورد و تورکمان کە خەڵکی ڕەسەنی کەرکووکن وەرگیراوەتەوە و بە ناوی وەزارەتی دارایی تۆمار کراون؛ بەڵام ئێستا دادگای فیدراڵی بڕیاری داوە هەموو ئەو زەویانەی سنووری پارێزگای کەرکووک و ئەوانەی دیکەی دەکەونە سنووری پارێزگاکانی دیکەی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان، نیشانەی گلدانەوەیان بخرێتە سەر.