وەزیری ناوخۆی تورکیا: زیاتر لە 25 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان

وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەدەوە، تا ئێستا زیاتر لە 25 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
سێشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد "ئێستا دوو ملیۆن و 920 هەزار و119 پەنابەری سووری لە تورکیان."
گوتیشی: "لە ساڵی 2017ـەوە تا ئێستا 763 هەزار و443 پەنابەری سووری بەشێوەیەکی خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە."
هەروەها لە 15 ڕۆژی ڕابردووش دا، زیاتر لە 25 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە و ڕێژەی گەڕانەوەیان بەراورد بە بەر لە ڕووخانی ڕژێم حەوت هێندە زیادی کردووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024، دوای هەڵاتنی بەشار ئەسەد و کشانەوەی هێزەکانی ڕژێم لە دامودەزگە گشتییەکانی دەوڵەت، گرووپە چەکدارە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا چوونە ناو دیمەشقی پایتەخت و کۆنترۆڵیان کرد و بەمەش کۆتاییان بە دەسەڵاتی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا.