دوای 12 ساڵ هەواڵی زیندوو مانەوەی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی لە سووریا بڵاو کرایەوە

رێکخراوێکی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەمەریکی هەواڵی زیندوو بوونی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی ئۆستن تایسی لە سووریا بڵاو کردەوە و بڕیارە لەم نزیکانە وردەکارییەکانی چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە بڵاو بکەنەوە.

سێشەممە، 24 کانوونی یەکەم 2024، ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی ئەمەریکی بەناوی(Hostage Aid Worldwide)  ڕایگەیاند" ئۆستەن تایس، ڕۆژنامەنووس و هاووڵاتییە ونبووە ئەمەریکییەکە لە سووریا، زیندووە.

ڕێکخراوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (X) بڵاوی کردووتەوە: "لەم نزیکانە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشق، زانیاریی زیاتر لەسەر چارەنووسی ئەو ڕۆژنامەنووسە دەخەینەڕوو."

ڕێکخراوە ئەمەریکییەکە ئاماژەی بەوەش داوە، کە مانگی ئابی ئەم ساڵ، زانیارییان لەسەر زیندوو مانەوەی ئۆستن بینیت تایس، بە سەرۆکی ئەمەریکا داوە.

رۆژنامەنووسی ئەمەریکی، ئۆستن بینیت تایس، لە دایکبووی 11ی ئابی 1981، پێشووتر ئەفسەری هێزەکانی دەریایی ئەمەریکا بووە، لە 14ی ئابی 2012 لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر دۆخی سووریا ڕفێندراوە و تاوەکوو ئێستا چارەنووسی نادیارە.