کەشتییەکی ڕووسی بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە دەریای ناوەڕاست نقووم بوو

وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا تێکشکان و نقوومبوونی کەشتییەکی وڵاتەکەی لە دەریای ناوەڕاست ڕاگەیاند و ئاماژەی داوە، لە ئەنجامی تەقینەوەکەیەک لە ژووری ماتۆڕەکانی کەشتییەکە بووە و لێکۆڵینەوەکانش بەردەوامن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، تەقینەوەکە پاش نیوەڕۆی 23ی کانوونی یەکەم لە ژووری ماتۆڕەکانی کەشتی ئورسا مەیجەر بووە و بەهۆیەوە کەشتییەکە لە نێوان ئیسپانیا و جەزائیردا نقوومی دەریا بووە.
هەر لەم بارەوە ماڵپەڕی هەواڵی لا ڤێردادی ئیسپانی بڵاوی کردووەتەوە، ئەو ناوچەیەی کەشتییە ڕووسییەکەی تێدا شکاوە و نقوومی دەریا بووە، بە ناوچەیەکی ناسەلامەت دەست نیشان کراوە، بەڵام کەشتییەکی سوپای ڕووسیا و بەلەمێکی هێزی پاسەوانی دەریایی ئیسپانیا فریای ڕزگارکردنی تاقمی کەشتییەکە کەوتوون و توانیویانە 14 سەرنشینی کەشتییەکە ڕزگار بکەن، تەنیا دوو لە کەشتیوانەکان چارەنووسیان نادیارە.
بە گوێرەی ئاژانسی ئینتەرفاکسی ڕووسی، کەشتیی ئورسا مەیجەر لە 11ی ئەم مانگە لە سانت پیتەرسبێرگ بەڕێکەوتووە و بڕیار بوو لە 22ی کانوونی دووەمی 2025 بگاتە ڤلادیڤۆستۆک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا.
بە گوتەی خاوەنی کەشتییەکە، باری کەشتییەکەی دوو کرێنی زەبەلاح بوون و بەرەو شاری ڤلادیڤۆستوکی دەگواستەوە، کە کێشی هەر یەکێکیان 380 تۆن بووە، بەڵام هیچ سەرچاوەیەکی قسەکانی خاوەن کەشتییەکەی نەسەلماندووە.
کەشتیی ئورسا مەیجەر لە ساڵی 2009 دروستکراوە و دوای دەست پێکردنی هێرشی سوپای ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سزای نێودەوڵەتی بەسەر کەشتییەکەدا سەپێندرا بەهۆی ئەوەی خاوەنەکەی ڕۆڵی هەبووە لە گواستنەوەی چەک و کەلوپەلی سەربازی بۆ سوپای ڕووسیا.