دووەم ژنە پەرلەمانتاری عێراقی تووشی کۆرۆنا بوو
هەمان ئەو پەرلەمانتارەیە کە لە ئاهەنگێکدا "تەقەی خۆشیی" کرد

K24 - هەولێر
دووەم ئەندامى ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تووشبوونی خۆی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند.
لە توویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توویتەر، وەحدە جومەیلى ئاشکرای کرد "بەهۆی کارکردن لەگەڵ لایەنگران و کەسوکارمان بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکانیان و لەپێناو خزمەتیکردنیان، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووین، سوپاسی خوا دەکەین لە پێش و پاش تووشبوونیشمان بە کۆرۆنا".
ئەمە دووەم پەرلەمانتارى عێراقە تووشى کۆرۆنا دەبێت لەدوای پەرلەمانتار مەحاسن حەمدوون، کە دوو رۆژ لەمەوبەر پاش گەڕانەوەی لە بەغداوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی، تووشى کۆرۆنا بوو.
ماوەیەک پێش ئێستا، ڤیدیۆیەکی وەحدە جومەیلی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تەنی، کاتێک لەنێو ئۆتۆمبێلێکەوە دەستی دەردەهێنێت و بە دەمانچە گوللـە دەتەقێنێت.
ڤیدیۆکە رووبەڕووی رەخنەیەکی زۆری کردەوە، بۆیە دواتر لە روونکردنەوەیەکدا داوای لێبوردنی کرد و رایگەیاند ئەو ڤیدیۆیە لە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەک تۆمارکراوە و گوللـەکەش تەنیا دەنگ بووە.
