دەیان هەزار بەکارهێنەر و بازرگانی ماددەی هۆشبەر لە زیندانەکانی عێراقدان

سەنتەری ستراتیژیجی مافەکانی مرۆڤ هۆشداری زیادبوونی بازرگانی ماددەی هۆشبەر دەدات و داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی ماددە هۆشبەر بەهێزتر بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 25 کانوونی یەکەمی ،2024 سەنتەری ستراژیجی مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە عێراق و هێزە ئەمنییەکان، لە ماوەی ساڵانی 2022 تاوەکوو 2024 نزیکەی 40 هەزار کەسیان بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەکان دەست گیرکردووە.
فازل غەراوەی، بەڕێوبەری سەنتەری ستراژیجی مافەکانی مرۆڤ گوتی:"بەگوێرەی زانیارییەکانمان، بەڕێوبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 230 باندی ماددە هۆشبەرەکانیان لەسەر ئاستی ناوخۆی و نیودەوڵەتیدا هەڵووەشاندووتەوە ."
گوتیشی: بەگوێرەی ئامارەکان هەر لە ساڵی ڕابردوودا، لە نێو ماددە هۆشبەرەکاندا، کریستاڵ زۆرترین بازرگانی پێوەکراوە کە %37.3 بووە.
بەڕێوەبەری سەنتەرەکە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکات، لەگەڵ ڕێکخراوە نیودەوڵەتییەکان و وڵاتاندا، هەماهەنگییەکانی پتەوتر بکات بۆ دروستکردنی پڕۆگرامێکی هۆشیاریی لەگەڵ بەهێزکردنی ئاسایشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی و قاچاخچیەتی ماددە هۆشبەرەکان.
ئەمە لاکاتێکدایە، پێشتر وەزیری ناوخۆی عێراق ڕایگەیاندبوو، لە 2013 نزیکەی حەوت هەزار و 500 کەسیان بەتاوانی بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیرکردووە کە تاوەکوو ئێستا، سێ هەزار و 567 کەس لە زیندانەکاندا ماون.