ئەردۆغان هەڕەشەی لە ناوبردنی پەکەکە دەکات

ئەردۆغان: پەنابەرانی سووری بەزۆر ڕەوانە ناکرێنەوە

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە تازەترین وتاریدا ڕایگەیاند، لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام دەبن تاوەکوو تورکیای بێ تیرۆر هەبێت. ڕاشیگەیاند، پەنابەرانی سووری بەزۆرە ملێ ڕەوانە ناکەنەوە.

ئەردۆغان ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2024، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: بە مافی خۆمانی دەزانین هەموو ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکاربهێنین، بۆ ئەوەی بتوانین تورکیایەکی پاک و بێ تیرۆرمان هەبێت.

ئەردۆغان هەڕەشەی توندی لە پەکەکە کرد و ڕایگەیاند، پەکەکە لەناودەبەن، تەنیا ئامانجی تورکیا ئەوەیە لە هەر بستێک خاکی ناوچەکە ئاسایش و سەقامگیرییەکی بەهێز هەبێت، سەرەتاش سەقامگیرییەکە لە سووریاوە دەست پێ بکات.

گوتیشی: هەرچەند سووریا بە خێرایی خۆی ڕێک بخاتەوە و بکەوێتەوە سەرپێ، بۆ تورکیا باشترە و حکوومەت دەتوانێت بڕیاری گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەرانی سووری بۆ وڵاتەکەیان بدات. 

هەروا ئاماژەیدا، هەر پەنابەرێک ببیەوێت بگەڕێتەوە سووریا، ئەوە حکوومەتی تورکیا هاوکاریی دەکات و هیچ کەسێکیش بە زۆر ڕەوانەی وڵاتەکەی ناکرێتەوە.

لە درێژەی وتارەکەیدا ڕایگەیاند، هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەوانە دەکەن کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بۆ ماوەیەکی دیاریکراویش ڕێگەیان پێدەدەن هاتوچۆ بکەن، چونکە بە هاتنی وەرزی هاوین و پشووی قوتابخانەکان لێشاوی گەڕانەوە زیاتر دەبێت و دەروازە سنوورییەکان قەرەباڵغتر دەبن.

سەرۆکی تورکیا ڕایگەیاند، لەو قۆناغەدا سیاسەتی وڵاتەکەی بە شێوەیەک دەبێت، ئەوانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە، هاوکارییان دەکەن و هیچ کەسێکیش بە زۆری ناگەڕێنینەوە. هەروەها ئەوانەی دەستیان هەیە لە گەشەپێدانی ئابووری، ئەکادیمی، زانستی و بازرگانی تورکیا هەیە، ئەگەر خواستیان لەسەر مانەوە بێت، دەرگا بۆیان کراوەیە و داناخرێت.