دەرباز كۆسرەت: هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بەردەوامن

دەرباز كۆسرەت رەسووڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەخت دەكاتەوە، هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت بەردەوامن و دانوستانی نێوان لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچن، بەتایبەت یەكێتی و پارتی. گوتیشی، هەر كاتێك كۆدەنگی و یەكهەڵوێستی لەنێوان لایەنەكاندا هەبووبێت، كوردستانیش ئارام بووە، بۆیە دەیانەوێت ئەو یەكهەڵوێستییە بكەن بە بنەما بۆ قۆناغی داهاتوو.
چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، نە پارتی و نە یەكێتی، لە کۆبوونەوەکاندا باسیان لە پۆستەكان نەكردووە، چونكە ئەوەی گرنگە لەو قۆناغەدا رێككەوتنی سیاسییە.
دەرباز کۆسرەت گوتی: بە پشتیوانی خوای گەورە، کێشمە کێش و ململانێی سیاسیی کە لەماوەی ڕابردوودا لەنێوان لایەنەکان هەبوو، کۆتایی پێدێت و داهاتوو دەبێتە داهاتووی ئاوەدانی و سەقامگیریی.
دەرباز کۆسرەت ڕایگەیاند: چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنەکان و لایەنەکانیش لەگەڵ یەکدی هەیانبووە، لە کۆبوونەوەکان لێکتێگەیشتنی باش هەبووە، بەتایبەت لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لایەنەکانی دیکەش بەهەمان شێوە لەسەر هێلن، چونکە بارودۆخی ناوچەکە بە ئاراستەی گۆڕانکاریی خێرا تێپەڕ دەکات، گرنگە لەو کاتەدا کۆ دەنگی و یەکڕەنگی نێو ماڵی کورد دروست بکەین، ئەوەش دەکەوێتە سەر شان و ئەستۆی براوەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
دەرباز کۆسرەت دەڵێت: بە بڕوای ئێمە لە ڕابردوودا شەراکەتی ڕاستەقینە هەبووە لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بۆیە کوردستان ئارامی و سەقامگیریی بەخۆیەوە بینیووە، گوتی: ئێمە وەکو یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەمانەوێت شەریکی ڕاستەقینە بین و بەتەنها بەشدار نەبین، دوای ساڵی نوێ یەکێتی و پارتی کۆ دەبنەوە، دەڵێت: ئێمە و پارتی لە کۆبووەنەوەکاندا باسی پۆستەکانمان نەکردووە، بڕوامان بەوە هەیە ڕێککەوتنێکی سیاسی و گشتگیر بکەین و قەیرانەکانی پێشووتر دووبارە نەبنەوە، بەڵکو خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین و بێ متمانەیی نێوان هێزە سیاسییەکان کۆتایی پێ بێنین.