دەم پارتی: تورکیا دەیەوێت دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەناوببات

تۆلای هاتیم ئۆگوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی
تۆلای هاتیم ئۆگوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی

هاوسەرۆکی دەم پارتی تۆلای هاتیم ئۆگوللاری ڕایگەیاند: تورکیا دەیەوێت دەستکەوتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو ببات، گوتیشی: داخوازیی و ئومێدی ئێمە ئەوەیە، سووریا ببێتە وڵاتێکی فرە لایەن و دیموکراسی.

چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، تۆلای هاتیم ئۆگوللاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا گوتی: تورکیا سەرباری بەردەوامیدان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، هەوڵە دیپلۆماسییەکانیشی خستووەتە گەڕ، ئێمە زۆر جار داوامان لە دەوڵەتی تورکیا کرد و پێمان گوتن کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان دوژمنی تورکیا نین، بەڵام ئەوان گوێیان بۆ ئێمە نەگرت.

دەڵێت:  ئێمە داوای سووریایەکی دیموکرات و فرە پێکهاتە دەکەین کە مافی کوردان و عەرەب و ئاشووری و سریانی، سوننی و عەلەوی، مەسیحی و موسڵمانان و تەواوی پێکهاتەکان تێیدا پارێزراو بێت.

ئەو گوتانەی تۆلای لە کاتێکدایە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سووریا، هەوڵی ئەوە دەدەن بچنە ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکراتن، لەگەڵ ئەوەی کۆشکی سپی چەندین جار دووپاتی ئەوەی کردووەتەوە کە، شەڕی تورکیا لەگەڵ کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان، دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و دروستبوونەوەی هەڕەشە و مەترسییەکانی.

 
 
Fly Erbil Advertisment