ئێران بۆ سوورییەکان: دڵخۆش مەبن

خۆشی دەربڕینی سوورییەکان بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح. وێنە:AFP
خۆشی دەربڕینی سوورییەکان بەبۆنەی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح. وێنە:AFP

وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە دانیشتووانی سووریا و دەڵێت: بە ڕووخانەی بەشار ئەسەد، زۆر دڵخۆش مەبن، چونکە ئاییندەیەکی نادیار چاوەڕوانتانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، لە زاری عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بڵاوی کردەوە، هێشتا زووە بڕیار لەسەر ئاییندەی سووریا بدرێت، چونکە هۆکارگەلێک دەتوانن کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر دۆخی سیاسی وڵاتەکە هەبێت.

هەروەها عێراقچی هۆشداریی دەداتە سوورییەکان و دەڵێت: "بە ڕووخانەی بەشار ئەسەد زۆر دڵخۆش مەبن، چونکە ئاییندەیەکی نادیار چاوەڕێی وڵاتەکەتانە."

دوێنێش بە هەمان شێوە، عێراقچی له‌ په‌راوێزی كۆنگره‌ی نیشتمانیی بۆ به‌رپرسان و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی هێزه‌ چه‌كداره‌كان ڕایگه‌یاندبوو، له‌ داهاتوودا گۆڕانكاریی زۆر له‌ سووریا ڕوو ده‌ده‌ن و ئه‌وانه‌ی له‌ وڵاتەکە باسی سه‌ركه‌وتن ده‌كه‌ن، پێویستە جارێ چاوه‌ڕێ بكه‌ن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024،  ئەسعەد حەسەن شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆڕمی ئێکس (توویتەری پێشوو) گوتبووی:"پێویستە ئێران ڕێز لە ئیرادەی گەلی سووریا و سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتەکە بگرێت."

 
 
Fly Erbil Advertisment