عێراق و تورکیا تاوتوێی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکان دەکەن

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق
یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق

وەزیری ناوخۆی عێراق و وەزیری بەرگریی تورکیا، جەختیان لە بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، پێشوازیی لە عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کرد.

باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە کۆبوونەوەکە گفتوگۆ لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییە ئەمنییە و ئاڵوگۆڕی زانیاری و پاراستنی سنوورە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست کرا.

چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، عەبدولئەمیر، شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق، لە وەڵامی بانگهێشتنامەی فەرمی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا گەیشتە ئەنقەرە.

 

Fly Erbil Advertisment