ئامۆزایەکی بەشار ئەسەد: فیدراڵی باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی سووریا
ڕیباڵ ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەد، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی دیموکراسی و ئازادی بۆ سووریا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: جێبەجێکردن و پەیڕەوکردنی سیستەمی فیدراڵی باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی سووریا، ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە کورد وەکو هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە ماف و ئەرکدا وەکو یەک بن و جیاکاریی لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکان لە سووریای نوێدا نەکرێت.
چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، ڕیباڵ ئەسەد، ئامۆزای بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕووخاوی سووریا لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەمەد پێشکەشی دەکات گوتی: دوای شەڕی دوور و درێژی سووریا، فیدراڵییەتی جوگرافی باشترین چارەسەرە، وەکو هەموو لایەنەکانی دیکە، پێویستە کوردیش لە ماف و ئەرکدا یەکسان بێت، نابێت هیچ جیاکارییەک لەنێوان پێکهاتەکاندا بکرێت، پێویستە داوا لە ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەین لە دانانی دەستوورێکی نوێ یارمەتیمان بدەن، چونکە ئێمە لە ناوچەکەدا ئەزموونی دەوڵەتێکی عەلمانی، دیموکراسی ڕاستەقینەمان نییە، دەبێت دەستوورێک هەبێت هەمووان تێیدا یەکسان بن و جیاوازیی نەژادی لەنێوان پێکهاتەکاندا نەکرێت، لە ناوچەکانی خۆیان بە ئاسوودەیی بژین، پێویستە ڕێز لە تایبەتمەندیی زمان و فەرهەنگ و داب و نەریتی هەموو لایەک بگیرێت.
ڕیباڵ ئەسەد گوتی: من بەهیچ شێوەیەک پەیوەندییم بە بەشار ئەسەدەوە نییە، لە سووریاش پەیوەندیم لەگەڵ نەبووە، ئەو چووە بۆ مۆسکۆ، لەبەر ئەوەی مۆسکۆ دەیویست، مۆسکۆ فەرمانی پێکردووە سووپاکەی بکێشێتەوە، هەر مۆسکۆ ڕێگریی لێ دەکات قسە لەگەڵ کەسە نزیکەکانی خۆی بکات و هیچ لێدوانێک بدات، بۆی نییە قسە لەگەڵ هیچ عەلەوییەکیش بکات.