نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی کوردستان هاوسۆزیی قووڵی خۆی بۆ ئازەربایجان دەردەبڕێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئازەربایجان، لە پەیامێکدا هاوخەمی خۆی دەربڕی و گوتی: "خەمبارم بەو کارەساتە و سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییان دەکەم".
ئەمڕۆ چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەهۆی ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئازەربایجان، پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەدا هاتووە،"زۆر خەمبارم بە کارەساتی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی ئازەربایجان لە کازاخستان و، سەرەخۆشیی لە کەسوکاری قوربانییان دەکەم."
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بەوە کراوە، کە هەرێمی کوردستان هاوسۆزیی قووڵی خۆی بۆ ئازەربایجان دەردەبڕێت.
چوارشەممە 25ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی فریاکەوتنی کازاخستان ڕایگەیاند، 42 کەس لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی گەشتیاریی ئازەربایجان لە نزیک شاری ئاکتاوی وڵاتەکەیان، گیانیان لەدەست داوە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو فڕۆکە گەشتیارییەی ئازەربایجان، 72 سەرنشینی هەڵگرتبوو، 42ـیان مردوون و 25ـیان ڕزگار کراون. گوتیشی: "22 ڕزگارکراو لە نەخۆشخانە خەوێندراون. "