چوارچێوەی هەماهەنگی: حکوومەتی عێراق داوای درێژکردنەوەی وادەی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای نەکردووە

سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراقی هیچ پلانێکی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق نییە.

دوای کۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، موختار موسەوی، یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو ڕەوتە ڕایگەیاند، نە پەرلەمان و نە حکوومەتی عێراقی هیچ ویستێکیان نییە بۆ ئەوەی داوا لە ئەمەریکییەکان بکەن ماوەی مانەوەیان لە عێراق درێژبکەنەوە.

ئەو سەرکردەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی دەشڵێت؛ وەستانی هێرشی گرووپەچەکدارەکان بۆسەر بنکەکانی ئەمەریکا بەهۆی دیاریکردنی وادەی کشانەوەی ئەمەریکایە، بێگومان گەر کشانەوەی ئەمەریکیەکان لە عێراق دوابخرێت، هێرشی گرووپەچەکدارەکان بۆسەریان دەست پێ دەکاتەوە.

ڕۆژی هەینی 27ـی ئەیلوولی 2024 عێراق و ئەمەریکا ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە و تێیدا هاتبوو، عێراق و ئەمەریکا پەیوەندییەکی ستراتیجییان هەیە، هەروەها ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە ماوەی 12 مانگی داهاتوو کە دەکاتە کۆتایی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2025 لە عێراق کۆتایی دێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کرابوو، ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سووریا تا مانگی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانان، ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا بۆ پەیوەندیی دوو قۆڵی ئەمنی لەگەڵ عێراق بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق و ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش دەگۆڕێت.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment