کۆریای باشوور سزای بەسەر چەند کەسایەتییەکی کۆریای باکوور سەپاند

سیئۆل ڕایگەیاند کە سزای جیا بەسەر 15 کەسایەتی تەکنەلۆژیای زانیاری کۆریای باکوور و کۆمپانیایەک دەسەپێنێت بەهۆی ئەوەی ڕۆڵیان لە چالاکییە ئەلیکترۆنییە نایاساییەکان بۆ دابینکردنی دارایی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی بۆ کۆریای باکوور هەبووە.

وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور لە سیئۆل ڕایگەیاندووە کە 14 کەس لە کۆی 15 کەسایەتی لەنێویاندا پارک هۆنگ ڕیۆنگ و یۆن یۆنگ سیک و ڕی ئیل جین بوون، گومانیان لێ دەکرێت لە دەرەوەی وڵات کاربکەن، بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی لە ڕێگەی چالاکییە ئەلیکترۆنییە نایاساییەکانەوە وەک بردنی دراوی کریپتۆ بۆ دابینکردنی دارایی، بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی و مووشەکی کۆریای باکوور کە بە چەندان بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان قەدەغە کراوە.

بەپێی وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باشوور، سەرجەم ئەو کەسانەی ئاماژەیان پێ کراوە سەر بە فەرمانگەی گشتیی 313ـی ئیدارەی پیشەسازی تەقەمەنی باکوورن کە بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوە و پەرەپێدان و بەرهەمهێنانی چەک، لەوانەش بەرنامەی مووشەکی بالیستی.

وەزارەتەکە ڕوونیشی کردەوە، کۆریای باشوور کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی زانیاری ئابووری و تەکنەلۆژیای جۆسۆن گیوم جۆنگیش دەخاتە لیستی سزاکانەوە، چونکە گومان دەکرێت ئەو کۆمپانیایە دەستی هەبێت لە ناردنی کرێکارانی کۆریای باکوور لە کەرتی تەکنۆلۆژیای زانیاری بۆ دەرەوەی وڵات و گواستنەوەی ئەو پارەیەی دەستیان کەوتووە بۆ کۆریای باکوور.

لیستی سزاکان، سین جۆنگ هۆ لەخۆدەگرێت کە "بەشدارە لە بەدەستهێنانی دراوی قورس" کە یەکێکە لە کارمەندانی کۆمپانیاکە و بەپێی وەزارەتەکە لە شاری داندۆنگی چین کاردەکات.

ڕاشیگەیاند، سزاکان لە 30ـی کانوونی دووەمەوە دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment