بەرپرسێکی گرتووخانەی سیدنایا دەستگیر کرا

حکوومەتی کاتی سووریا، لە تەرتوس ئۆپەراسیۆنێکیان لە دژی بەرپرس و ئەندامانی تێوەگلاو لە تاوانەکانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد دەست پێکرد و توانراوە بەرپرسێکی باڵای گرتووخانەی سیدنایا دەستگیر بکەن، کە تاوانبارە بە کوشتنی هەزاران هاووڵاتیی سووری.

پێنجشەممە، 26 کانوونی یەکەم، 2024، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریای نوێ ڕایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا توانیویانە لیوا محەممەد کەنجۆ حەسەن، بەرپرسی دادگای مەیدانیی زیندانی سیدنایان دەست گیر بکەن، کە یەکێک بووە لە داواکراوانی سەرانی ڕژێمەکەی ئەسەد و بەرپرس بووە لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندان و ڕاپەڕینەکانی خەڵکی سووریا، هەروەها تاوانبارە بە کوشتن و لەسێدارەدانی هەزاران هاووڵاتی سووری لە دوای ئاڵۆزییەکانی 2011ـەوە.

لیوا محەممەد کەنجۆ حەسەن، بەرپرسی دادگای مەیدانیی زیندانی سیدنایان

حکوومەتی کاتی سووریا تەنیا هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە باڵایەی گرتووخانەکەی ڕاگەیاندووە، بێ ئەوەی هیچ وردەکارییەک لە بارەی دادگایی کردن یان چارەنووسی ئاشکرا بکات.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد عەبدولڕەحمان، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی کاتی سووریا ڕایگەیاند، لە تەرتوس سەرانی ڕژێمی پێشووی سووریا ڕووبەڕووی هێزەکانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریا بوونەتەوە لە ئەنجامدا 14 ئەندامی هێزەکانی سەر بە دەسەڵاتی نوێ کوژراون و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.