ناتانیاهۆ: هێرشەکان بۆ سەر یەمەن بەردەوام دەبن

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە یەمەن، ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ سەر یەمەن.
ناتانیاهۆ گوتیشی: "ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە هێرشەکانی بۆ بڕینی باڵێکی دیکەی ئێران."
دوێنێ پێنجشەممە، 26ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئیسرائیل هێرشی کردە سەر فڕۆکەخانەی سەنعا، لای خۆیەوە سەرچاوەیەکی فەرمی لە فڕۆکەخانەی سەنعا بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی ڕاگەیاند، هەڵمەتەکان هۆڵی چاوەڕوانی و تاوەری کۆنتڕۆڵ لە فڕۆکەخانەی سەنعا و بەشێکی زۆری ڕێڕەوی فڕینیان بۆمباران کردووە.
ئەو سەرچاوەیە پشتڕاستی کردەوە بۆردومانەکە پێنج خولەک پێش نیشتنەوەی گەشتێکی یەمەن کە لە عەممانەوە بەرەو سەنعا دەهات، کرا.
ئاماژەی بەوەش دا بۆمبارانەکە بووەتە هۆی مردنی کرێکارانی تاوەری کۆنترۆڵ، ئەمە جگە لە برینداربوونی کارمەندانی دیکەی فڕۆکەخانە و هێڵی ئاسمانی یەمەن لە هۆڵی فڕۆکەخانەکەدا.
ئیسرائیل دەست پێ کردنی هەڵکوتانە سەر ئەو شوێنانەی حووسییەکانی لێیە لە سەنعا و حودەیدە ڕاگەیاند، هاوکات سەرچاوەکان بۆ ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان پشتڕاستکردەوە کە سوپای ئیسرائیل بە ئاگاداری ئەمەریکا هەڵمەتەکانی دەست پێ کردووە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە ژێرخانی حووسییەکانی وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعا و وێستگەکانی کارەبای حەزیز و ڕاس کەسیب و بەندەرەکانی حودەیدە و سەلیف و ڕاس کەسیب لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوای وڵاتەکەی بۆمباران کردووە.
ڕۆژنامەکە بڵاوی کردەوە، ئەو شوێنانە بۆ گواستنەوەی چەک لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بەکارهێنراون.