لە کۆتایی ئەم هەفتەیە شاندێکی وەزارەتی وزەی تورکیا سەردانی سووریا دەکات

وەزیری وزەی تورکیا جەخت لەسەر پێویستی دابینکردنی کارەبا بۆ سووریا و لەوێوە بۆ لوبنان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئالپ ئەرسلان بەیرەکدار، وەزیری وزە و سامانە سرووشتییەکانی تورکیا ڕایگەیاند، لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا شاندێکی وەزارەتەکەی سەردانی سووریا دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە لە ژێرخانی وزەی وڵاتەکە.
بە گوتەی ناوبراو، شاندەکە پرسی پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش لەگەڵ دەسەڵاتە نوێیەکانی سووریا تاوتوێ دەکەن، لەوانەش دابینکردنی کارەبا.
وەزیری وزە بە ڕۆژنامەی "حورییەت"ـی ڕاگەیاندووە "بەپێی پێشهاتەکانی بارودۆخی سووریا، ڕەنگە من سەرۆکایەتی ئەو وەفدە بم."
دەشڵێت: "نزیکەی 60%ـی کارەبا لە سووریا لە نەوتەوە بەرهەم دێت، هەروەها 38%ـی لە غازی سروشتییەوە دێت، پێویستە دیراسەی دۆخی ئێستەی سەر زەوی بکەین و کەموکورتییەکان لە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبادا دەستنیشان بکەین." گوتیشی: "دەبێت بە خێرایی کارەبا بۆ ئەو ناوچانە دابین بکەین."
ڕاشیگەیاند، لایەنی تورکیا بە هاوکاریی لەگەڵ دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، بەنیازە ماستەرپلانی کارکردن بۆ پەرەپێدانی پیشەسازی کارەبا لە سووریا ئامادە بکات.
وەزیری وزەی تورکیا گوتیشی: "ڕەنگە باس لە دابینکردنی کارەبای [تورکیا] بۆ لوبنان لە ڕێگەی سووریاشەوە بکرێت."
سووریا ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کارەبا بووەتەوە و پچڕانی کارەبا دەگاتە زیاتر لە 20 کاتژمێر لە ڕۆژێکدا. زۆربەی دانیشتوان پشت بە سەرچاوەکانی تری بەرهەمهێنانی کارەبا دەبەستن، وەک وزەی خۆر و موەلیدەکان.
بەیرەکدار ڕایگەیاند کە بەپێی داتاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بانکی نێودەوڵەتی، ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی سووریا پێویستی بە بڕی نێوان 250-500 ملیار دۆلار تا یەک ترلیۆن دۆلار هەیە.