یەکێتیی ئەورووپا و تەندروستیی جیهانی دەیان تۆن هاوکاریی مرۆیی ڕەوانەی سووریا دەکەن

یەکێتیی ئەورووپا و ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی تاوەکوو کۆتایی ئەم مانگە 50 تۆن هاوکاریی مرۆیی، کە بەشی زۆرینەی پێداویستی تەندروستین دەگەیەنێت سووریا.

فرانس پرێس لە زاری میرینالینی سانسانام، گوتەبێژی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی بڵاویکردووەتەوە، هاوکارییەکان گەیەندراوەتە ئەستانبۆلی تورکیا و بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە دوای تەواوکردنی ڕێکارە گومرگییەکان، هاوکارییەکان دەگەندرێنە سووریا.

ناوەڕاستی ئەم مانگە یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاندبوو، لە ڕێگەی تورکیاوە هەوڵی دروستکردنی پردێکی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بۆ سووریا دەدەن، ئەمەش بە یەکەمین دەستپێشخەریی ئەورووپا دادەنرێت لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد بۆ هاوکاری کردنی خەڵکی ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، هاوکارییەکان پێداویستییەکانی تایبەت بە نەشتەرگەری خێرا و دەرمانە سەرەکی و پێویستەکانی تێدایە.

هەروەها لۆرینتسۆ دال مۆنتێ، ڕاوێژکاری تایبەت بە کاروباری پلاندانانەکانی تەندروستیی جیهانی، ئاماژەیداوە، هاوکارییەکان بە سەر دامەزراوە تەندروستییەکانی سووریا دابەش دەکرێت بۆ ئەوەی لە سەرتاسەری سووریا و بە تایبەتیش لە ئیدلیب و حەلەب سوودی لێوەربگیرێت.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment