کچە ڕۆژنامەنووسێکی ئیتاڵی لە ئێران دەستگیرکرا

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، هاووڵاتییەکی ئیتاڵی کە ڕۆژنامەنووسە و ناوی چیچیلیا سالایە، زیاتر لە هەفتەیەکە لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ هیچ هۆیەک دەستگیرکراوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا ئەمڕۆ هەینی 27ی کانوونی یەکەمی 2024 لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، کچە ڕۆژنامەنووس، چیچیلیا سالای تەمەن 29 ساڵ، لە 19ی ئەم مانگەوە لەو کاتەی سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕاپۆرت بووە لە تاران دەستگیرکراوە.

هەروا ئاماژەیداوە، سالا بەر لەوەی بۆ ئامادەکردنی هەواڵ بچێتە ئێران، ڤیزای ڕۆژنامەوانی وەرگرتووە، بەڵام هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نەزانراوە، تەنیا لە دوای دەستگیرکردنی دووجار بە تەلەفۆن لەگەڵ کەسوکارەکەی قسەی کردوە لە دەستگیرکردنەکەی ئاگاداری کردوونەتەوە.

هە بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوە، دیپلۆماتکارانی ئیتاڵیا بەدواداچوون بۆ کێشە یاساییەکان و دۆخی ئەم ڕۆژنامەنووسە دەکەن، ئاماژەشیداوە، پاولا ئامادی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە تاران لە گرتووخانە سەردانی چیچیلیا سالای کردووە.