مۆزەمبیق: دەیان کەس لە زیندانێکدا کوژران و بریندار بوون

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە، دەسەڵاتدارانی مۆزەمبیق ڕایانگەیاندووە، ڕۆژی جەژنی کریسمس، 25 ی کانوونی یەکەمی 2024، دەیان کەس لە زیندانێکی ئەو وڵاتەدا لە ئەنجامی شەڕ و ئاژاوە لە نێوان زیندانییەکاندا، کوژراون. 

فەرماندەی گشتیی پۆلیس، برنادینۆ ڕافائیل ڕایگەیاند "شەڕ و ئاژاوە لەو زیندانە بە توندی پاسەوانییکراوەی مابوتو، پایتەختی وڵاتەکە، کوژرانی 33 کەس و برینداربوونی 15 دیکەی لێ کەوتووەتەوە."

ئەو هەروا گوتی: "نزیکەی 1530 زیندانیی لەکاتی پشێوییەکەدا هەڵاتوون، بەڵام تا ئێستە 150 کەسیان دووبارە دەستگیر کراونەتەوە." 

لە پاش هەڵبژاردنی پەرلەمانی مۆزەمبیق لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، کە تیایدا حزبی فریلیموی فەرمانڕەوا بۆ جارێکی تر دەسەڵاتی گرتەوە دەست، ئاژاوە و پشێوی وڵاتەکەی گرتووەتەوە؛ بەرهەڵستکاران وا دەزانن هەڵبژاردنەکە ساختەیی تێدا کراوە و ئەنجامەکەیان قبووڵ نییە.

لە کاتێکدا فەرماندەی پۆلیس، ڕافائیل ئۆباڵی ئاژاوەی ناو زیندانەکەی خستە ئەستۆی بەرهەڵستکاران لە دەرەوەی زیندانەکە، هیلینا کیدا، وەزیری دادی مۆزەمبیق، لە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆییدا ڕایگەیاند "پشێویی زیندانەکە، پەیوەندیی بە ناڕەزاییەکانی دەرەوەی زیندانەکە نییە."

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment